لێدوانی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایدەگەێنێت، چین هەمیشە بانگەشە بۆ رێزگرتن و پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات و داوا لەلایەنەکان دەکات دانبەخۆیاندا بگرن لە گرتنەبەری هەر کارێک کە گرژییەکان زیاتر بکات.
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە مەهدی فەرەج، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە پەکین راگەیاند، لەگەڵ عێراق پێکەوە کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە. هەروەها دەڵێت، چین بانگەشە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات.
لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین باس لەوەدەکات، کە پێویستە چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت و رێز لە یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت.
ماو نینگ لە رووداوەوە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دادگاییکردنی ئیسرائیل لە دادگەی نێودەوڵەتی، کە باشووری ئەفریقا دۆسیەکەی جوڵاندووە، ئاشکرادەکات و دەڵێت، "ئێمە دڵگرانین بەو ژمارە زۆرەی قوربانییانی مەدەنی کە بەهۆی ئەم ئاڵۆزی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلەوە دروست بووە." هەروەها گوتیشی، پێویستە دەستبەجێ هەموو لایەنەکان و سزادانی بەکۆمەڵ بۆ خەڵکی کەرتی غەززە رابگرن.
دەقی گوتەکانی ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو:
رووداو: ئێران بە مووشەک هێرشدەکاتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج. هەڵوێستی چین لەم بارەیەوە چییە؟
ماو نینگ: چین هەمیشە بانگەشە بۆ رێزگرتن و پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە گرتنەبەری هەر کارێک کە گرژییەکان زیاتر بکات. ئێمە پێکەوە کاردەکەین بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
رووداو: چین پەیوەندی لەگەڵ سووریا و تورکیا باشە. تورکیا بەردەوام هێرشدەکاتە سەر ناوچە کوردییەکانی سووریا. ئایا چین هەوڵدەدات دۆخەکە هێور بکاتەوە لەو ناوچەیەدا؟
ماو نینگ: چین هەمیشە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای بنەما سەرەکییەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر رێز لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا بگیرێت و بپارێزرێت. پێویستە چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت.
رووداو: هەڵوێستی چین لەبارەی دادگاییکردنی ئیسرائیل لە دادگای نێودەوڵەتی، کە باشووری ئەفریقا دۆسیەکەی جوڵاندووە، چین لەوبارەوە چی دەڵێت؟
ماو نینگ: سەبارەت بە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، تۆ باسی دۆسیەی باشووری ئەفریقا دەکەی لە دادگای نێودەوڵەتی و چینیش ئاگاداری ئەم دۆسیەیە. ئێمە دڵگرانین بەو ژمارە زۆرەی قوربانییانی مەدەنی کە بەهۆی ئەم ئاڵۆزی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلەوە دروست بووە. ئێمە دژایەتی هەر کارێک دەکەین کە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، هیوادارین لایەنە ناکۆکەکان بتوانن بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ بکەن، دەستبەجێ و هەمەلایەنە دوژمنایەتییەکان و سزادانی بەکۆمەڵ بۆ خەڵکی کەرتی غەززە رابگرن.