بەڕێوبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی: رێژەی ژیانەوەی کانی و کانیاوەکان زۆر کەمە

16-01-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێر زەویی سلێمانی رایگەیاند، "ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە سلێمانی بەراورد بە ساڵی رابردوو مەترێک کەمتر دابەزیوە." دەشڵێت، رێنوێنییەکانی لێدانی بیر هەموار دەکەنەوە و زۆر پێویست نەبێت "مۆڵەت نادەین بیر لێبدرێت."
 
رۆژی دووشەممە 16-01-2023 عەباس عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئەمساڵ لە سنووری حەوزەی سلێمانی کە سەرچنار و ناوەندی سلێمانی و عەربەت دەگرێتەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی 440 سانتیمەتر دابەزیوە، بەڵام ساڵی رابردوو 520 سانتیمەتر دابەزیبوو، ئەوەش واتای ئەوەیە ئەمساڵ مەترێک کەمتر دابەزیوە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی راشیگەیاند، "لەم دوو ساڵەی دواییدا، بارانبارین کەمتر بووە لە رادەی ئاسایی و وشکەساڵی دروستکردووە چ بۆ کەشوهەوا و چ بۆ کشتوکاڵ. چەم و رووبارەکان وشکیان کردبوو، ئاوی کانیاوەکانیش لە لێوی کانییەکە زیاتر دابەزیبوون، بۆیە کانییەکان ئاویان لەبەر نەدەڕۆیشت."
 
بە گوتەی عەباس عەلی، "ئەمساڵ 209 ملیمەتر باران لە سلێمانی باریوە، پار تاوەکو ئەم کاتە 197 ملیمەتر باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکەین دۆخەکە باشتر بێت."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەویی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەفری ئەمساڵ زۆر نییە و بایی ئەوەندە نییە ئاو و کانیاو ببووژێنێتەوە، تەنیا ئەو کانیانە بووژاونەتەوە کە رێژەیەکی کەم ئاوەکەیان کەمیکردووە، بەڵام ئەگەر ئەمساڵ نزیکەی 600 - 650 ملیمەتر باران ببارێت، دڵخۆشکەر دەبێت بۆ ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی. بەفر و بارانەکانی رۆژهەڵاتی کودرستان، کاریگەرییان بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، ئەوەش لە کاتی توانەوەدا سوودیان دەبێت بەو مەرجەی ئێران ئاوەکان نەگرێتەوە."
 
لەبارەی لێدانی بیرەوە، عەباس عەلی دەڵێت، "بیری یاسایی و نایاسایی لە کوردستان هەن، نایاساییەکان زۆر کەم بوونەتەوە و 45% کەم بوونەتەوە، چونکە لە ساڵی 2017 پلانێکمان داڕشت و ئامێری نایاسایی بیرهەڵکەندنمان نەهێشت و جۆرەکەشیمان دیاریکرد. هەروەها لە رێگەی میمبەری مزگەوتەکانیشەوە هەڵمەتێکی باش کرا و مامۆستایانی ئایینی بیری نایاساییان حەرام کرد."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە