نێچيرڤان بارزانى و مەکگۆرک تاوتوێی دۆخى ‏نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و يه‌كخستنى پێشمه‌رگە دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان لە هەولێر لەگەڵ نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ‏رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە و تاوتوێی دۆخى ‏نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگەیان کرد. 
 
شه‌وی دووشه‌ممه‌ 16-01-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان پێشوازى له‌ برێت مەکگۆرک، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ‏رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا كرد كه‌ به‌ ياوه‌ريى شاندێكى باڵاى وڵاته‌كه‌ى ‏سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دۆخى ‏نێوخۆیى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى يه‌كخستنى پێشمه‌رگه‌یان تاوتوێ كرد.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا ئامۆس هۆكستاين، نێرده‌ى سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ژێرخانى ‏جيهانى و ئاسايشى وزه‌ و ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئاماده‌ی بوون.  

 

 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مه‌كگۆرک به‌رده‌واميى پشتيوانيى ئه‌مريكاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و خواستى ‏وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌ولێر و فراوانكردنى هاريكاريى ‏هاوبه‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواری وزه‌ و پاراستنی ئاسایشی وزه‌دا. 
 
لاى خۆيه‌وه‌، نێچيرڤان بارزانى باسى دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی بۆ مەکگۆرک كردووە و رایگەیاندووە، "له‌گه‌ڵ ‏دامه‌زرانى حكومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق، ده‌رفه‌تێک بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر ‏بنه‌ماى ده‌ستوور و فيدراڵى هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو ‏هاوكارييه‌ک ئاماده‌يه‌."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گرنگیی پێکه‌وه‌کارکردن بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ ژماره‌يه‌ک له‌ به‌رپرسان و ڕاوێژكارانى هه‌ردوولا ‏ئاماده‌ى بوون.