نوێنەری حکومەت لە سویسرا: وڵاتان بەشداری هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس بە گرنگ دەزانن


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا ئامانجی بەشداریکردنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی داڤۆس دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت: "دیداری دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەبێت." 
 
رۆژی دووشەممە 16-1-2023، د. فەوزی قەدوور، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا لە بوولتەنی کاژێر 08:00 بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ کۆڕبەندی داڤۆسی راگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەیەوێت لەم کۆڕبەندەدا بە جیهان بڵێت کە هەرێمی کوردستان پرۆژەکانی بۆ داهاتوو چین و تائێستا چییان کردووە." 
 
د. فەوزی قدوور گوتی: "بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس بە سانایی دەستەبەر نەبووە، بەڵام ئێستا هەموو ساڵێک لەم کۆڕبەندەدا بەشدارین، وڵاتانی ئەندام بینییان کوردستان تایبەتمەندی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بۆیە بە گرنگیان زانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشداربن." 
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سویسرا ئاماژەی بەوەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆربەندی داڤۆس جیایە لەو شاندەی حکومەتی عێراق و وەکو لایەنێکی سەربەخۆ بەشداری کردووە. 
 
لەبارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، د. فەوزی قدوور رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس، دیداری دووقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان."