لە وان چوار کەس بە تۆمەتی پەکەکەبوون دەستگیرکران

16-01-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری پارێزگای وانی باکووری کوردستاندا چوار کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی گەریلاکان دەستگیرکران.
 
ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەفتەی رابردوو لەسەر بڕیاری داواکاری گشتیی وان بەڕێوەچوون. تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی وان هەڵیانکوتایە سەر ژمارەیەک ناونیشان. لە ئاکامدا چوار کەس بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گەریلا و ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکران. ئەمڕۆ دووشەممە 16-1-2023 ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییانهات. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی وان رایگەیاند، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکیی رێکخراوەکان. 
 
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. 
 
لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا شەش زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان دەستپێکردووە. هێشتا راگەیاندنی ناوچەی ئەمنی و قەدەخەی هاتوچۆ لە چەندین شوێنی باکووری کوردستاندا درێژەی هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە