رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، ئاماری ساڵانەی ئاستەنگ و تووندوتیژیی بەرامبەر رۆژنامەڤانان بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێنەدانی مووچە بە رۆژنامەنووسان بووەتە دیاردە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-01-2023 رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ساڵی 2022ش کاری رۆژنامەڤانی پڕ ئاستەنگ و پێشێلکاری بوو بەرامبەر رۆژنامەڤانان و بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ هەر کەسێک کە ئەنجامی دابێت و لە هەر پلە و پایەیەکدا بێت."
سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان گوتیشی، "رۆژنامەڤانان تەنانەت لە دەزگا میدیاییەکانیشدا بێ مافن، کەمیی مووچە و پێنەدانی مووچەی چەند مانگەیان بووەتە دیاردە و لە باشترین حاڵەتیشدا مووچەکانیان دوادەکەوێت."
رەحمان غەریب ئەوەی خستەڕوو، "ساڵی 2022 رەفتاری هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر راگەیاندنکاران لە کاتی رووماڵی رووداوەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، زۆربەی ئەو رووداوەنەی کە بەهای هەواڵییان هەیە ئاستەنگیان بۆ رۆژنامەنووسان دروستکردووە تاوەکو رووماڵەکانیان نەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، "دەستبەسەرکردن بەبێ فەرمانی دادگە، تووندوتیژی، پەلاماردانی تیمەکانی راگەیاندن، زیندانیکردن، هەڕەشەکردن و تۆقاندن، جیاکاری و پێنەدانی زانیاری کاری رۆژنامەڤانانی قورستر کردووە."
بەپێی ئەو ئامارانەی سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان خستیەڕوو، ئامارەکان بەم جۆرەن:
لە ساڵی 2022 دا 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی کراوە بەم شێوەیە:
- رێگریکردن: 195
- زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی: 68
- هێرش و هەڕەشە و سووکایەتی: 46
- دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگە: 64
- دەستگیرکردن بە بڕیاری دادگە: 4
- لێدان و برینداربوون: 26
- داخستنی نووسینگەی کەناڵ: 1
- هێرشی مووشەکی: 2
- هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەڤان: 3
- هێرشی ئەلکترۆنی: 6
- پڕکردنەوەی بەڵێننامە: 16
سەنتەری میترۆ چەند راسپاردەیەکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەن:
1- داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، فەرمانبەرانی فەرمانگە حکومییەکان پەیوەندی لەگەڵ رۆژنامەڤانەکان رێکبخەن و بەربەست نەخەنە بەردەم کارەکانیان.
2- سەبارەت بە کەیسەکانی بڵاوکردنەوەی نووسین، تەنز و رەخنە، جگە لە پۆلیس، هیچ دەزگایەکی ئەمنی بۆی نەبێت رۆژنامەڤان بانگ بکات، ئەوەش بە بڕیاری دادوەر.
3- نەبوونی مۆڵەتی گردبوونەوە نەکرێتە هۆکاری رێگریکردن لە رێپێوان و ئاهەنگی خۆشیی سەر شەقام و خۆپێشاندان و کۆنگرەی رۆژنامەڤانی.
4- راپۆرتە بیانییەکان و ناوخۆییەکانی داکۆکیکار لە مافی رۆژنامەڤانان و مافەکانی مرۆڤ تایبەتن بە پێشێلکاری و تاوان، لەلایەن حکومەت و پەرلەمان بە هەند وەربگیرێن و لەجیاتی وەڵامدانەوە و رەتکردنەوەی، کار لەسەر نەهێشتنیان بکرێت.
6- بەرپرسانی حزبی و حکومی رەخنە قبووڵ بکەن، وەکو سەرچاوەیەک بۆ باشترکردنی کارەکانیان.
7- لە دادگەکاندا دادوەری تایبەت بە کێشەکانی بڵاوکردنەوە دەستنیشان بکرێت.
8- لە پێدانی زانیاری و ئامادەبوون لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا ئەو رووداوانەی بەهای هەواڵیان هەیە جیاوازی نەکرێت لەنێوان دەزگاکانی راگەیاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ