پێنتاگۆن بۆ رووداو: سوپاکەمان لەو شوێنەی عێراق جێگیردەکرێن کە پارێزراوە

رووداو-واشنتن

یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی جێگیرکردنی سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دوای ئەو هێرشانەی کراونەتەسەریان لە عەین ئەسەد دەڵێت "لە هەفتەکانی رابردوودا هەندێک جووڵەمان ئەنجامداوە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنیان و هەروەها بردنیان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر".
 
لە مانگی رابردوو دوو هێرشکراوەتەسەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەرکووک و عەین ئەسەد، لە هێرشی یەکەمیان بۆسەر بنکەی سەربازی کەی وەن لە کەرکووک، ئەمریکا کەتایبی حیزبوڵڵای عێراقی تۆمەتبارکرد و چەندین بنکە و بارەگایانی کردە ئامانج و دواتریش ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی کوشت.
 
لەبەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی ئێران لە 8-1-2020 چەندین مووشەکی ئاراستەی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کرد.
 
نامۆ عەبدوڵڵا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پێنتاگۆن؛ دوو پرسیاری لە جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا کرد کە ئەمە دەقی پرسیار و وەڵامەکانە:
 
رووداو: تۆ باست لە ژمارەیەک هەڕەشەی ناوخۆیی کرد بۆسەر هێزەکانتان لە عێڕاق، ئەوە سەرباری هەڕەشە مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران، بیرتان لەوە کردووەتەوە هێزەکانتان بگوازنەوە شوێنێکی سەلامەتتر لە عێراق وەک هەرێمی کوردستان، کە پێناچێت ئەو هەڕەشە ناوخۆییەی میلیشیاکانی تێدابێت؟
 
جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا: "سەبارەت بە عێراق، ئێمە دەبینین کە فەرماندەی مەیدانی بڕیار لەسەر ئەوەدەدات باشترین شوێن بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکان کوێیە، ئێمە لە هەفتەکانی رابردوودا هەندێک جووڵەمان ئەنجامداوە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنیان و هەروەها بردنیان بۆ شوێنێکی پارێزراوتر، سەبارەت بەوەی کە هێزەکانمان لە عێراق لە کوێ دەبن، ئەمە پەیوەستە بە فەرماندەی مەیدانی و ئەو بڕیار دەدات هێزەکانمان پێویستە لە کوێ بن و لە کوێ مەشق و راهێنان و چالاکییەکانی رووبەرووبوونەوەی داعش ئەنجامبدەن".
 
رووداو: لەبارەی سووریا، رووسیا پێدەچێت هێزی زیاتر رەوانەی پارێزگای حەسەکە بکات، کە هەندێک هێزی ئێوە لەوێن، ئایا ئەوە بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئەمریکا، دەتوانیت لەبارەی ئامانجە نوێکانی ئەمریکا لە سووریا دوایین زانیاریمان پێبدەیت؟
 
جۆناسان هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا: "سەبارەت بە سووریاش هیچ زانیارییەکم پێ نییە لەبارەی جووڵەی سەربازانی رووسیا، ئامانجی ئێمە لە سووریا وەک خۆیەتی و بەردەوامین لەسەر لاوازکردنی داعش و هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەم چوارچێوەیەدا".