ناونیشانی پرۆژەیاسایەکە بە 86 دەنگ پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشینی ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق
ماددەی یەکەم: بە 99 دەنگ ماددەی یەکەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
بەرجەستەکردنی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری شایستەبوون لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی سوودمەندبوونی ناشایستەیی و رێگرتن لە بەهەدەردانی بودجەی گشتی.
بەشی دووەم رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی.
ماددەی دووەم: بە 91 دەنگ ماددەی دووەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکخستنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەبەر رۆشنایی یاسای بەرکار.
نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی
ماددەی سێیەم: بە 94 دەنگ ماددەی سێیەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە کەسانی فەرمانبەر لەجیاتی ئەو بەخشینەی لە تەرخانکراوەکانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دەرماڵەی (لە بری پەککەوتەیی)یان پێدەدرێت بە رێژەیەک لە مووچەی بنەڕەتیان، کە ئەو رێژەیە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستنیشاندەکرێت، بە رەچاوکردنی رێژەی پەککەوتن لەلایەن لیژنەیەکی پزیشکی پسپۆڕەوە.
بەشی چوارەم بواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ
ماددەی چوارەم: بە 85 دەنگ ماددەی چوارەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکخستن و رێکخستنی یەکەکانی ژمێریاری لە گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رێکخراو و رێکنەخراو لە چوارچێوەی هەیکەلیەتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە یەک یەکەی ژمێریاری کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) سەر بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە.
بەشی پێنجەم دەرماڵەکان
ماددەی پێنجەم: بە 84 دەنگ ماددەی پێنجەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران گشت دەرماڵەکان لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە رێکبخاتەوە.
بەشی شەشەم رێکخستنەوەی هەژمارکردنی خزمەت
ماددەی شەشەم: بە 83 دەنگ ماددەی شەشەمی پرۆژە یاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی پلە و ناونیشان و مووچەی وەزیفی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە بوارەکانی خزمەتی (شارستانی، پێشمەرگایەتی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) بەپێی یاسا و پەیڕەو و رێنماییە کارپێکراوەکان و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی وەزیفەی گشتیدا لەسەر بنەمای بڕوانامە و ساڵانی خزمەتی فیعلی و خزمەتی هەژمارکراوی یاسایی، بەبێ ئەژمارکردنی ئەو خزمەتەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ مووچەخۆر ئەژمارکراون.
بەشی حەوتەم بواری خانەنشینی
ماددەی حەوتەم: بە 84 دەنگ ماددەی حەوتەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە لەڕووی مەرج و پێداویستییەکانی خانەنشین بوون بەهەمان مەرج و پێوەرەکانی خانەنشینی فەرمانبەران لە پلە گشتییەکانی وەزیفە لەسەر میلاکی شارستانی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جێگرەکانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریکارەکانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن، ئەوانەی مووچەی بریکاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەوانەی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانەی مووچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەرێم و گشت ئەو کەسانەی کە بەپێی خشتە کارپێکراوەکانی مووچە لە هەرێمی کوردستان مووچەو دەرماڵەی هەردوو پلەی باڵای (آ-ب) وەردەگرن لەسەر میلاکی شارستانی و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ماددەی هەشتەم: بە 84 دەنگ ماددەی هەشتەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
گواستنەوەی گشت ئەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و هەر یەکەیەکی دیکەی کارگێڕی و دارایی کە مووچەی خانەنشینیان لێ خەرج دەکرێت (شارستانی، سەربازی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، یەکە رێکنەخراوەکانی هێزەکانی پێشمەرگە) و گواستنەوەی گشت میلاک و موڵک و ماڵی گواستراوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتی و یەکە کارگێڕیانە و دۆسییە بەراییەکانی ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێکراوە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری و حکومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق، هەیکەلبەندییەکی تازە بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیانە ئامادە دەکرێت و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسنددەکرێت.
ماددەی نۆیەم: بە 80 دەنگ ماددەی نۆیەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بە پلەی وەزیر و بریکاری وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەکی دیکەی تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی کە لە ریزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بوون، پێش رێککەوتی 5-3-1991 وەک رێزلێنانێک مووچەی خانەنشینیان بەو پلانە پێدراوە، لە بری ئەوە پێویستە لەدوای دڵنیابوون لە هەبوونی مەرج و پێداویستییەکان و وردبینیکردن و پاککردنەوەی لیستی ناوی ئەو پێشمەرگانە لە ناوی کەسانی ناشایستە ئیمتیازێکی دارایی شایستەیان بۆ دابین بکرێت لەبەر رۆشنایی یاسای ژمارە 33ی ساڵی 2007، یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە، زێرەڤانی هەرێمی کوردستان - عێراق یان یاسای ژمارە 34ی ساڵی 2007، یاسا خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە، زێرەڤانی هەرێمی کوردستان - عێراق، یان یاسای ژمارە 38ی ساڵی 2007، یاسای راژە و خانەنشینی پێشمەرگە، زێرەڤانی هەرێمی کوردستان - عێراق بەپێی تایبەتمەندی.
ماددەی دەیەم: بە 76 دەنگ ماددەی دەیەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
هەڵوەشاندنەوەی مووچەی خانەنشینی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی خانەنشین کراون، راستکردنەوەی مووچەی خانەنشینی سەرجەم ئەو کەسانەی بە پلەی بەرزتر لە پلەی شایستەی خۆیان خانەنشین کراون یان لەسەر بنەمای ئەژمارکردنی نایاسایی ساڵانی خزمەتی وەزیفی خانەنشین کراون، راستکردنەوەی مووچەی خانەنشینان بەو مووچەیەی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان شایستە دەبن وەک لەم یاسایەدا ئاماژەیان پێکراوە.
بەشی هەشتەم حوکمەکانی کۆتایی
ماددەی یازدە: بە 88 دەنگ ماددەی یازدەمی پرۆژەیاساکە پەسند کرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکەم: دەبێت دەسەڵاتی جێبەجێکردن و لایەنە پەیوەندیدارەکان حکومەکانی ئەو یاسایە جێبەجێبکەن.
دووەم: دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پابەندە بە پشکنین و وردبینیکردن بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەو یاسایە و یاسا پەیوەندیدارەکانی دیکە و ئامادەکردنی راپۆرت لەبەر رۆشنایی یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە 2ی ساڵی 2008.
سێیەم: دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان - عێراق بەپێی تایبەتمەندی پابەندن بە وەرگرتنی رێککاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کارمەند و بەرپرسێک کە بەربەست و ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی حکومەکانی ئەو یاسایە دروستدەکەن.
ماددەی دوازدە:
بە 82 دەنگ ماددەی دوازدەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا کە بەمجۆرەیە:
یەکەم: دامەزراندن لە وەزیفەکانی بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و سەرووتر لە دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان عێراق رادەگیرێت، مەگەر لەوکاتەی تەنها پلەی چۆل هەبێت.
دووەم: خانەنشینکردنی فەرمانبەر بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و سەرووتر کە پێکهاتەی ئیداری لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و سەرووتر بەڕێوەنابات بەپێی حوکمەکانی بڕگەی هەشتەم لە ماددەی حەوتەمی ئەو یاسایە دەبێت یان دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەکاتی هەبوونی شوێنی وەزیفی بەتاڵ کە لەگەڵ ناونیشانی وەزیفی شایستەی خۆی دەگونجێت.
سێیەم: حوکمەکانی بڕگەی دووەمی ئەم ماددەیە سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانیش، پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە دەگرێتەوە، کە هیچ یەکەیەکی ئیداری بەڕێوەنابەن.
چوارەم: مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و بەرەو ژوور، جگە لە مەرجەکانی فەرمانبەرایەتی وەزیفەی گشتی، بە پەیڕەوێک دەستنیشان دەکرێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت، کە تێیدا رەچاوی بڕوانامە و پسپۆری و ساڵانی خزمەت و شارەزایی و لێهاتوویی بکرێت.
ماددەی سیانزە:
بە 76 دەنگ ماددەی سیانزەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا کە بەمجۆرەیە:
یەکەم:
1. وەزارەتی دارایی و ئابووری لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی بواری بانکی لە هەرێم و بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و ئەژمێرێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ هەموو مووچەخۆر و سوودمەندێک لە بودجەی گشتی لە پێناوی زامنکردنی پاراستنی گشت شایستە دارییەکان بە شایستە داراییە خەرجنەکراوەکانیشەوە.
2. چۆنیەتی کردنەوەی ئەو ئەژمێرە سوودوەرگرتنی مووچەخۆر سوودمەند لە ئەژمێرەکە بە رێنمایی دارایی رێکدەخرێت، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە دەردەچێت، لەبەر رۆشنایی بڕگەی (یەکەم/1)ی ئەم ماددەیە.
دووەم:
لەبەر رۆشنایی ئەو بڕە پارەیەی کە بە فعلی لە خەرجییەکان دەگەڕێتەوە لە دەرئەنجامی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران ئەولەویەت بدات بە پێداچوونەوە بە کەمترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێم بە ئاراستەی زیادکردن و بە رەچاوکردنی بژێوی و گوزەرانی ئەو کەسانەی کە کەمترین مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
سێیەم:
پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق رێککاری یاسایی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەکان بگرێتە بەر و پێداچوونەوە بەو موڵک و ماڵانەدا بکرێت کە وەکو گەرەنتی بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دانراون.
ماددەی چواردە:
بە 86 دەنگ ماددەی چواردەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکەم: جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەو یاسایە ئاسەواری دارایی و دادوەری لێناکەوێتەوە بۆ حاڵەتەکانی پێش کەوتنە بواری جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر ئەو کەسانەی کە دەیانگرێتەوە.
دووەم: ئەوانەی حوکمەکانی ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە مافی ئەوەیان هەیە بەپێی حوکمەکانی یاسای بەرکار تانەی یاسایی بدەن.
ماددەی پانزە:
بە 83 دەنگ ماددەی پانزەیەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
نابێت هیچ کەسێک خانەنشینبکرێت یان هەر ئیمتیازاتێکی دیکەی دارایی لەژێر هیچ پاساو و ناونیشانێکدا پێبدرێت ئەگەر پێشتر بە شایستەبوونی یاسایی لە تۆمارەکانی داتابەیسی سیستەمی بایۆمەتری پەیڕەوکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارنەکرابێت و بەرایی نەبێت، مووچەی خانەنشینی بۆ میراتگری یاسایی (المستحق) خەرج ناکرێت تاوەکو تۆمارنەکرێت لە داتەبەیسی سیستەمی بایۆمەتری.
ماددەی شانزە:
بە 86 دەنگ ماددەی شانزەیەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
یەکەم: حوکمەکانی ئەم یاسایە هەموو حاڵەتەکانی پێش بەرکاربوونی ئەو یاسایە دەگرێتەوە و پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم یاسایە.
دووەم: کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێکی ناکۆک لەگەڵ حوکمەکانی ئەو یاسایەدا ناکرێت.
سێیەم: یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاکانی هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (36)ـی ساڵی 2004 هەڵدەوەشێتەوە.
ماددەی حەڤدە:
بە 89 دەنگ ماددەی حەڤدەیەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەربکات بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەو یاسایە لە ماوەیەک کە لە (60) رۆژ تێپەڕ نەکات لە رۆژی دەرچوواندنی ئەو یاسایە.
ماددەی هەژدە:
بە 87 دەنگ ماددەی هەژدەیەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێبکەن.
ماددەی نۆزدە:
بە 89 دەنگ ماددەی نۆزدەیەمی پرۆژەیاساکە پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
ئەم یاسایە لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە و لەدوای تێپەڕبوونی (90) رۆژ لە رێککەوتنی دەرچوونی پەیڕەوی هاتوو لە ماددەی (17)ـی ئەو یاسایە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هۆیەکانی دەرچوواندن:
بە 89 دەنگ هۆیەکانی دەرچوواندن پەسندکرا، کە بەم جۆرەیە:
لە پێناو رێکخستنەوەی بواری وەزیفەی گشتی و خانەنیشینی لە سەرجەم بوارەکانی (شارستانی و پێشمەرگایەتی و هێزەکانی و ئاسایشی ناوخۆ)، و هەروەها تەرخانکراوەکانی چاودیری کۆمەڵایەتی و بەرپاکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە خەرجکردنی مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتە داراییە گشتییەکان و رێگرتن لە سوودوەرگرتنی ناڕەواو نایاسایی لە تەرخانکراوەکانی بودجەی گشتی، ئەم یاسایە دەرچووێندرا.
کۆی پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشینی ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان - عێراق بە 89 دەنگ پەسندکرا و بووە یاسا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ