رووداو - هەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی رایگەیاند، شاندی حیزبەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات و دەشڵێت، وەكو پارتی هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە.
سەربەست لەزگین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی دەكات، بەڵام كاتی سەردانەكە دیارینەكراوە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە، حیزبەكەی هێڵی سووری لەسەر بەشداری هیچ لایەنێكی سیاسی كوردستان نییە، لەبارەی ئەوەش پێیان باشە كۆمەڵ بەشداری حكومەت بكات؟ سەربەست لەزگین گوتی "ئەوە دەكەوێتە سەر رێككەوتن و تاوەكو ئێستا هیچ روون نییە".
بۆ بەشداری لایەنە سیاسییەكان لە حكومەتی داهاتوو، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە خاوەنی 45 كورسییە، چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هیچ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامنەداوە.
كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی حەوت كورسییە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ