بەشێکی کەمپی هەرشەم لە عەنکاوە سووتا

رووداو - هەولێر 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی هەرشەم لە نزیک شارۆچکەی عەنکاوە کەوتەوە و بەهۆیەوە 14 کەرەڤانە سووتان. پەیامنێری رووداو دەڵێت، جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "کاژێر 6:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 16-1-2019، ئاگر لە کەمپی ئاوارەکانی هەرشەم کەوتووە و بەهۆیەوە 14 کەرەڤانە بە تەواوی سووتاون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا ئەو کەلوپەلانەی لەنێو کەمپەکەدا بوون سووتاون".

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە هیچ زەرەرێکی گیانی نەبووە، بەداخەوە ئەم رووداوانە بەهۆی شۆرتی کارەبا و ئامێرەکانی گەرمکەرەوە روودەدەن".

 

لەبارەی هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی لەنێو کەمپەکەدا کەلوپەلەکانیان سووتاوە سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت: "ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و چەند رێکخراوێکی دیکە دەستمان بە کارکردن کردووە بۆ هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەو خێزانانەی کە ئەمڕۆ لەو کەمپەدا ماڵیان سووتاوە و لە ماوەی 24 کاژێری دیکەدا هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین".


300 خێزان کە خەڵکی شنگال و موسڵن لە کەمپی ئاوارەکانی هەرشەم دەژین و بەپێی ئامارەکان ژمارەیان 1500 کەسە. بەهۆی نائارامی ناوچەکانیان هێشتا نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان.