ئاستی ئاوی دەربەندیخان شەش مەتر کەمکراوەتەوە

17-01-2018
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نۆژەنکردنەوە و پشكنینی بەنداوەکە نزیکە 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت
نۆژەنکردنەوە و پشكنینی بەنداوەکە نزیکە 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەهۆی بوومەلەرزەکەی 12ی نۆڤەمبەری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، 6 مەتر لە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کەمکراوەتەوە، بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، نۆژەنکردنەوە و پشكنینی بەنداوەکە نزیکە 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت، بەڕێوەبەرانی بەنداوەکە نەبوونی هەماهەنگی لەگەڵ ئێران و داخلیسکانی بەردەکانی تەنیشت بەنداوکە بە گەورەترین مەترسی لەسەر بەنداوەکە لەقەڵەمدەدەن، دانیشتووانی نزیک بەنداوەکەش نیگەرانن کە بەنداوەکە مەترسی لەسەر ژیان و سامانیان دروستبکات.  


رەحمان خانى ، بەڕێوبەرى بەنداوى دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بێت و لە ئیرانەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەى ئێمە رێژەیەکى زۆر ئاو بەربدەنەوە، مەترسییەکى گەورە بۆ سەر سەلامەتى بەنداوەکە دروست دەبێت.''

بەپێى خەمڵاندنى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، بۆ چارەسەرکردنى تەواوى گرفتەکان پێویستییان بە 30 ملیۆن دۆلار هەیە، هەمان وەزارەت بەڵێنیداوە تێچووەکە لەئەستۆ بگرێت.

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان گوتی: "پێویستە لیژنەکان هەموو هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ کەموکورتی و گرفتەکانى بەنداوەکە، تا کارێک بکەن بۆ زستانى داهاتوو هیچ گرفت و مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە نەمێنێت.''

بەنداوەکە دەکەوێتە نێوان هەردوو چیاى زمناکۆ و بەرانان، لەکاتى بوومەلەرزە تاشەبەردى سەر چیاکە دەکەوێتە خوارەوە و زیان بە بەنداوەکە دەگەیەنێت.

بەکر ئەحمەد ، لێپرسراوى بەشى سەلامەتیى بەنداوى دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆئەوەى ئاوێکى زۆرتر گلبداتەوە لەنێوان دوو چیادا بەنداوەکە دروست کراوە، لە ئەگەرى کەوتنەخوارەوەى تاشەبەردەکان دەرچەى ئەو ئاوە دادەخرێت و مەترسى خزان دروست دەبێت بەهۆى ئەو لم و خۆڵەى لە کەنارى دەریاچەکە خزاوەتە خوارەوە.''

گەڕەکى فەرمانبەران دەکەوێتە کەنارى دەریاچەکەوە، وەک خۆیان دەڵێن، سەلامەتى ئەوان بە بەنداوەکەوە بەستراوەتەوە، چونکە لە ئەگەرى هەرەسهێنان، ماڵەکانى ئەم گەڕەکە ژێرئاو دەکەوێت.

محەمەد سادق ، فەرمانبەرێکی دانیشتووی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خەڵکى ئێرە لەژێر رەحمەتى ئەم بەنداوەدایە و بەشێکى زۆرى دانیشتووانى ئەم گەڕەکە لەترسا لە ماڵى خۆیان ناخەون، چونکە مەترسیدارترین گەڕەک ئێرەیە لەئەگەرى هەرەسهێنان و یان زیانگەیشتن بە بەنداوەکە.''

بەپێى ستانداردى جیهانى بەنداوەکە سێ ساڵ جارێک پێویستى بە هەڵسەنگاندن و چاکسازى هەیە، بەڵام لە 50 ساڵى تەمەنی دروستکردنیدا تەنیا سێ جار هەڵسەنگاندنى بۆ کراوە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە