یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کشایەوە

رووداو- هەولێر

دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی یاداشتە 24 خاڵییەکەی لە حکومەت، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاریدا لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکشێتەوە. ئەمینداری یەکگرتوو دەڵێت، ئەو چاکسازییانەی داوایانکردبوو لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێنەکراوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کشانەوەی حیزبەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئاشکرایکرد، بڕیاری کشانەوە بەکۆی دەنگی ئەندامانی سەرکردایەتی دراوە و وەزیرەکانی یەکگرتووش بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ کشانەوە داوە.

سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بۆمان دەرکەوت کە ناتوانن هەندێ لەو خاڵە بنەڕەتییانەی کە ئێمە داوامانکردبوو، جێبەجێی بکەن بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکگرتوو  بەکۆی دەنگ بڕیاری کشانەوە لە حکومەت درا".

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەڵێت، لە حکومەت دەکشێنەوە و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکەن. گوتیشی "هەنگاوەکەمان دژ بە هیچ لایەنێک نییە، بۆ رازیکردن و چەپڵەلێدانی لایەنی دیکەش نییە.  یەکگرتوو بە جیاوازی دروستبووە و بە جیاوازی دەمێنێتەوە. بە تەنیایی و بە رۆحی ئیمانیانەی خۆمانەوە بەردەوام دەبین".
 
سەلاحەدین بەهائەدین گوتی "موزایەدەی سیاسیی نەیهێشت کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت. بەداخەوە موزایەدە و موهاتەرات چووە شوێنی کاری جیدی و دڵسۆزانە. یەکگرتوو لە کابینەی هەشتەمدا پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئێستا دوو پارتە سەرەکییەکەی حکومەت (پارتی و یەکێتی) بەرپرسیارێتی دۆخەکەیان لەئەستۆدایە".  

کۆتایی مانگی رابردوو یەکگرتوو یاداشتێکی 24 خاڵی رادەستی حکومەت کرد کە تێیدا داوای لابردنی پاشەکەوتی مووچە و باشکردنی بژێوی خەڵک و چاکسازی بەپەلەی دەکرد، دواتر شاندی یەکگرتوو  دووجار لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە.