پارتی و یەکێتی هاوپەیمانێتییەکەیان هەڵوەشاندەوە

رووداو-هەولێر

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان لە کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە، بەڵام پارتی دەڵێت "ئەو هاوپەیمانییە نەماوە."

بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق ، هەریەک لە یەکێتی ، پارتی و حیزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە بە ناوی هاوپەیمانی لیستی ئاشتی کوردستانی. بەپێی نووسراوەکەی کۆمیسیۆن، شێرکۆ محەممەد ساڵح، سەرۆک و ، ئیقباڵ شاکر مەحموود نوێنەری هاوپەیمانێتییەکەیە.



وەک لەنووسراوەکەدا هاتووە سەرۆکی ئەو حیزبانە بەمشێوەیە تۆمارکراون ، مەسعود مستەفا محەممەد ، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، شۆڕش ئیسماعیل ، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کاوە مەحموود سەرۆکی حیزبی شیوعی کوردستان.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هاوپەیمانێتییە پێشتر لە پارێزگای دیالە تۆمارکرابوو ، بەڵام ئێستا نەماوە و پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریداوە لەو ناوچانە بەشداری هەڵبژاردن نەکات.

رۆژی دووشەممە 15-1-2018،  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک / گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و داوای لە هاونیشتمانیانی کوردی پارێزگاکە کرد بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بکەن.

د. محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێ-ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەبارەی ئەو ناوچانەی بایکۆتەکەی پارتی دەیانگرێتەوە گوتی ، بڕیارەکە هەموو سنووری پارێزگای کەرکووک ، بەدرە، جەسان، مەندەلی، خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە، خورماتوو تاوەکو کەرکووک و پردێ دەگرێتەوە.