قاسم شەشۆ: لە هیچ كەس قبووڵ ناكەین ئەنجوومەن بۆ ئێزدیان دروستبكات
رووداو – هەولێر
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال ، قاسم شەشۆ سەبارەت بە راگەیاندی ئەنجوومەنی ئێزدیانی شنگال لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان PKKەوە ، رایگەیاند كە ئەو كەسانەی لەو ئەنجوومەنەدا بەشدار بوون كەسانی "موتەخەلیف " بوون و نوێنەرایەتی كوردی ئێزدی ناكەن.
بەڵام میدیای PKK بڵاویكردووەتەوە كە 200 نوێنەر لەو كۆبوونەوەیەدا بەشداربوون و 27 كەس كە نوێنەرایەتی ئێزدیانی ئاوارەی كەمپی نەورۆز لە رۆژئاوای كوردستان و كەمپەكانی باشووری كوردستان دەكەن ، بوونە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە ، وەك هەنگاوی یەكەم بۆ دروستكردنی خۆبەڕێوەبەرییەكی سەربەخۆ بۆ دەڤەری شنگال .
قاسم شەشۆ لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ، رایگەیاند " ئێمە لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەین ئەنجوومەن بۆ ئێزدیان دروستبكات و بەناوی ئێزدیانەوە قسە بكات ، چونكە تەنیا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرگری لە كوردانی ئێزدی كردووەو ئێمەش تەنیا سەرۆكایەتی ئەو قبوڵ دەكەین".
قاسم شەشۆ گوتی " PKK برای ئێمەن ، بەڵام ئەوانەی ئەو كارە دەكەن میتی توركیان ".
سەبارەت بە بەشداربوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا كە ئەو ئەنجوومەنەی تێدا دروستكرا ، لە رۆژی 14ی ئەو مانگەدا ، قاسم شەشۆ گوتی " حوسێن دەرمان جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی هاوڕێی منە و، قسەم لەگەڵ كرد، بە منی گوت نەمزانی بابەت و مژاری كۆبوونەوەكە دەبێتە پیلانگێڕان لەسەر خاڵكی شنگال".