پەرلەمانتارێکی ئێزدی: ئەنجوومەنی ئێزدییەكانی شنگال سەرناگرێت

رووداو- هەولێر

پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی لەپەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، پێکهێنانی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی شنگال و کانتۆنی شنگال، سەر ناگرێت و سەرناكەوێت.

شێخ شامۆ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجوومەنی ئێزدییەكانی شنگال لەلایەن پەکەکەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە لە بەرژەوەندی خەڵكی شنگالدا نییە، چونكە شنگال خاوەن ئەنجوومەن و دامودەزگای خۆیەتی.

ئەو پەرلەمانتارە، کە خۆی کوردی ئێزدییە، راگەیاند، راستە ئێستا شنگال لە دۆخێكی دژواردایە، بەڵام دوای تێپەربوونی ئەو رەوشە، شنگال ئارام دەبێتەوە"، هاوکات پێیوابوو پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە، "دەستتێوەردانە لە کاروباری شنگال".

شێخ شامۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە ئەم ئەنجوومەنە سەر ناگرێت و سەرناكەوێت، چونكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی شنگال نییە هەروەها ئەزموونی خەڵكی شنگال بەشی ئەوە دەكات، كە رەش و سپی لەیەك جیابكاتەوە.

رۆژی چوارشەممە 14/1/2015 ، لە كۆبوونەوەیەكدا، كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی PKK لە چیای شنگال بەڕێوەچوو، وەك یەكەمین هەنگاو بۆ دروستكردنی كانتۆنی شەنگال ، ئەنجوومەنێكی سەربەخۆ بۆ "خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی" بۆ شنگال دروستكرا .

ئەو ئەنجوومەنە لە 27 كەس پێكدێت، كە هەروەك میدیای PKK دەڵێت ، ئەو ئەنجوومەنە بناخەی ئیدارەی كانتۆنی شنگال دادەنێت ، ناوی ئەنجوومەنەكەش ئێستا بریتییە لە (ئەنجوومەنی ئێزدییەكانی شنگال).

بەپێی هەواڵی میدیای PKK، ئەو 27 كەسە نوێنەرایەتی پەنابەرانی كوردی ئێزدی كامپی نەورۆز لە دێرك ، كوردانی ئێزدی كامپەكانی باشووری كوردستان و چیای شنگال دەكەن.