وەزارەتی کشتوکاڵ: هێشتا لە هەولێر پەڵەی نەداوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، باران کەم باریوە و ئەم مانگەش دوایین وادەیە بۆ چاندنی گەنم و جۆ. شارەزایەکی کەشناسیش پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە، بارانێکی باش ببارێت و پەڵە بدات.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024) هیشام عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە سنووری سلێمانی و دهۆک پەڵەی داوە، بەڵام لە بەشی خواروو و نێوەڕاستی هەولێر پەڵەی نەداوە و بەشێکی زۆری جووتیارانی ئەو ناوچانە کە پشت بە ئاوی باران دەبەستن بۆ گەنم و جۆ، لەبەر ئەو کەمبارانییەی ئەم ساڵ هەیە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە تۆو بچێنن."
 
ئەگەر بارانبارین بەمشێوەیە بێت، ''ئەگەر زەوییەکانیشیان بکێڵن یان بێبەرهەم دەبن یان بەرهەمیان کەم دەبێت." ئەمە وەک هیشام عەبدولخالیق وا دەڵێ.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، تاوەکو مانگی 12 دەتوانرێت گەنم و جۆ بچێندرێت، دوای ئەو وادەیە جووتیاران لەبەر مەترسیی شەختە ناتوانن تۆوەکانیان بچێنن، چونکە ئەگەر بەرهەمیشی هەبێت، شەختە لەنێوی دەبات.
 
عەبدوڵڵا فازڵ، کە جووتیارێکی دێرینی سنووری هەولێرە بە رووداوی گوت، "ئەگەر لەم وەرزەدا بارانی باش ببارێت، تاوەکو نێوەڕاستی مانگی دوو کاتمان لەبەردەست دا دەبێت بۆ چاندن، بەڵام ئەگەر لەم وەرزەدا پەڵە نەدات، چاندن بێسوودە."
 
بۆ پێگەیشتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان، 400 بۆ 500 ملیمەتر بارانبارینی ساڵانە پێویستە، لە هەندێک ناوچە کەمێک کەمتر و لە هەندێک ناوچەش لەو بڕە زیاتری دەوێت بۆ بەرهەمێکی باش.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لەبارەی ئەگەری پەڵەدان لە سنووری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "شەپۆلێکی بارانبارین بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دێت و ئەگەری زۆرە لە 10 رۆژی کۆتایی ئەم مانگە، بڕێکی باش باران لە سەرجەم شارەکان و هەولێر بەتایبەتی نزیکەی 40 میلیمەتر باران ببارێت، کە ئەگەر بەو شێوەیەبێت پەڵە دەدات."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، بەگشتیی بۆ ئەوەی بڵێین کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا پارێزراوە و وشکەساڵی روونادات، ساڵانە 200 بۆ 250 میلیمەتر بارانمان پێویستە، ئەویش بەو مەرجەی بارانەکە گشتگیر بێت.

 

چ کاتێک پەڵە دەدات؟
 
جووتیاران پەڵەدانیان بەو شێوەیە دیاریکردووە 'ئەوەندە باران باریبێت، کە لەکاتی کێڵانی زەوی دا بەقووڵایی ئەو شوێنەی دەمی گاسنی پێدەگات و هەڵدەگێڕدرێتەوە، خاکەکە تەڕ بووبێت." 
 
بەشێوە زانستییەکەشی واتا 'خاکەکە بەهۆی بارانبارینەوە بە قووڵایی 20 بۆ 30 سانتیمەتر تەڕبێت.'
 
مەرج نییە بارانی بەلێزمەی لەناکاو ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە دەکرێت نەڕواتە نێو خاک و تەنیا لەسەر زەوی بمێنێتەوە یان بڕوات. بەگشتیش دەکرێت بارینی بەخوڕی هێواش لەنێوان 12 بۆ 20 کاژێر، ببێتە هۆی پەڵەدان، چونکە ئەوکاتە خاک زۆرینەی باراناوەکە هەڵدەمژێت.