سێ هاونیشتمانی 10 ساڵە بێسەروشوێنن و کەسوکاریان ئومێدیان هەیە لە زیندانی سیدنایا دا بن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ شکاندنی دەرگای زیندانی سیدنایای سووریا، سەدان چیرۆکی نەبیستراوی کوشتن و ئەشکەنجەی نێو بەندینخانەکە ئاشکرابوون. لەگەڵ ئەو هەموو مەرگەساتەی نێو زیندانەکە هێشتا کەسوکاری بێسەروشوێنبووان لە باشووری کوردستانیش هیوا و ئومێدیان لەسەر زیندووبوونی کەسوکاریانە، بەتایبەت بڵاوبوونەوەی لیستێک ناو لە سۆشیاڵ میدیا، ئەوەندی دیکە دوودڵی و ئومێدی بۆ زیادکردوون.
 
چیرۆکی شوکر قادر
 
لەو رۆژەوەی هەواڵی ئازادکردنی زیندانییانی گرتووخانەی سیدنایایان بیستووە و لیستێکیان لە سۆشیاڵ میدیا بینیوە کە ناوی براکانیانی تێدایە، داوای ئاشکرابوونی چارەنووسیان دەکەن.
 
محەممەد قادر، هاونیشتمانییەکی خەڵكی ناحیەی گوێرە، بە رادیۆی رووداوی گوت، براکەم (شوکر قادر حەمەدەمین) لەدایکبووی 1971بوو، سەرباز بوو لە ریزەکانی سوپای عێراق لە ساڵی 2014 لەگەڵ کەوتنی تکریت، لەگەڵ ئەفسەرەکەیدا کەوتنە دەست چەکدارانی داعش.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، لەدوای بڵاوبوونەوەی لیستێک، بینیم ناوی براکەمی تێدابوو، "تەنانەت زانیاری لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونەکەیشی نووسرابوو، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین سۆراخی براکەمان بکەن و چارەنووسی ئاشکرابکرێت و بگەڕێتەوە لای ماڵ و منداڵەکەی."
 
شوکر قادر حەمەدەمین باوکی شەش منداڵە، بەڵام لەدووری خۆی، کچێکی بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەوە خەونی بینینەوەی باوکی بردە ژێر گۆڕ و ئێستا سێ کچ و دوو کوڕی چاوەڕوانی نازی باوکیانن.
 
برای ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی براکەی سەربازی عێراقی بووە و نزیکەی 10 ساڵە بێسەروشوێنە، هاوژین و منداڵەکانیشی تائێستا مووچەی باوکیان بۆ خەرجناکرێت و "خەڵکی خێرخواز هاوکارییان دەکات."
 
بەگوتەی محەممەد، ئێستا ئەوان هەموو هیوا و ئومێدیکیان ئەوەیە ئەو لیستەی بڵاوبووەتەوە و ناوی براکەیانی تێدایە، لایەنە فەرمییەکان بەدواداچوون بکەن و چارەنووسیان ئاشکرا بکەن.
 
دەشڵێت، لە رێگەی رووداوەوە داواکارم هەرکەسێک زانیاری لەسەر براکەم هەیە، ئاگادارمان بکاتەوە.

 

 
تاریق بۆ چارەسەری نەخۆشی چووە دیمەشق، بەڵام نەگەڕاوەتەوە
 
بڵاوبوونەوەی "لیستەکەی سیدنایا" هەر بەتەنیا هیوا و ئومێدی بە دڵی کەسوکاری شاکر نەبەخشیوە، بەڵکو هاونیشتمانییەکی خەڵکی شنگالیش باس لەوە دەکات، ناوی برا 24 ساڵەکەی لەنێو ئەو لیستەدابووە کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بۆ چارەسەری پزیشکی چووبووە دیمەشق.
 
تاریق زیاد خەڵەف، گەنجێکی خەڵکی شنگال بووە و پێنج ساڵ پێش ئێستا چووەتە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆ سەردانیکردنی پزیشک و بۆ چارەسەری فەقەرات و ئازاری پشتی، بەڵام هەر ئەو چوونە بووە و نەگەڕاوەتەوە.
 
سەرمەد برای (تاریق زیاد خەڵەف) دەڵێت، لەدوای داگیرکردنی شارەکەیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ماوەی سێ ساڵی ژیانمان لە کەمپەکانی رۆژئاوا و باشووری کوردستان بەسەربردووە، لە ساڵی 2017 گەڕاینەوە بۆ شنگال و دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ.
 
ئەو دەڵێت، تاریقی برام، ئازاری پشت و فەقەراتی بێزاری کردبوو، بۆیە مانگی نیسانی 2019 بڕیاریدا لەگەڵ خێزانێکی خەڵکی شنگال بچێتە دیمەشق بۆ سەردانی دکتۆر، دوای رۆشتنی ئەوان گەڕانەوە و پێیان گوتین، "تاریق هەندێ ئیشی دکتۆری ماوە و دوای تەواو بوونی دەگەڕێتەوە، لەو کاتەوە دەنگی نەما."
 
سەرمەد باس لەوە دەکات، تاریق برابچووکی چوار برا و خوشکێک بووە، "دایک و باوکم بەردەوامی خەمی نەخۆشی و ئازاری پشتی تاریقیان بوو، بەڵام نەیانزانی بە رۆیشتنی ئازاری بێسەروشوێنبوونەکەی جەرگمان دەسووتێنێت."
 
لەبارەی سۆراخی براکەی گوتیشی، لە رێگەی چەند خزم و ناسیاوێکمان لە تربەسپی و رۆژئاوای کوردستان سۆراخمان کرد، بەڵام دامودەزگاکانی رژێمی سووریا هەموو جارێک رەتیان دەکردەوە.
 
برای ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، لەو لیستەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بڵاوکرایەوە ناوی براکەی منیشی تێدابووە و داواکارین چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت.
 
سەرمەد دەشڵێت، لەدوای بڵاوبوونەوەی لیستەکە ئاسایشی نیشتمانی لە شنگال و مەحما خەلیل کە نوێنەری شنگالە لە پەرلەمانی عێراق ئاگادارکراونەتەوە و چاوەڕێین هەواڵێکیان لێوە ببیستین. 
 

حەوت منداڵەکەی محەممەد چاوەڕوانی باوکیانن
 
کەسێکی دیکەش بۆ هەمان بابەت پەیوەندی کردووە و دەڵێت: براکەم پێشمەرگەی شەڕی داعش بوو لە بەنداوی موسڵ کەوتە دەست داعش، چەندین ساڵە بێسەروشوێنە، پەیامنێری رووداو سۆراخمان لە سووریا بۆ بکات تاوەکو بزانین لەوێ نییە.
 
رووخانی رژێمەکەی ئەسەد، هیوای خستووەتە دڵی کەسوکاری (محەممەد محەممەدشەریف عەبدوڵڵا) کە پێشمەرگەی زێرەڤانی بووە و لە 7ی ئابی 2014 لە بەنداوی مووسڵ کەوتە دەست چەکدارانی داعش.
 
سائیب کە برای محەممەد محەممەدشەریفە، باس لە بەدیلگرتنی براکەی دەکات لەلایەن چەکدارانی داعشەوە و دەڵێت، لە رۆژی 7-8-2014 بە دیلی کەوتە دەست داعش، ئەو رۆژە مۆبایلەکەی داخرا، رۆژی دواتر پەیوەندیمان کردووە و چەکدارێکی داعش وەڵامی دایەوە و گوتی، "سەرمان بڕیون."
 
سائیب دەشڵێت، "دوای مانگێک داعش وێنەی چەند پێشمەرگەیەکی دیلی بە جلی پرتەقاڵییەوە بڵاوکردەوە و ڤیدیۆ و دواتر وێنەی سەربڕینیانی بڵاوکردەوە، بەڵام وێنەی سەربڕینی براکەمیان بڵاونەکردووە، بۆیە هێشتا هیوامان وایە کە زیندووبێت."

 

محەممەد محەممەدشەریف عەبدوڵڵا لەدایکبووی ساڵی 1976 بوو، ئەو باوکی حەوت منداڵە، چوار کوڕ و سێ کچ. بەگوتەی سائیبی برای کە قسەی بۆ رادیۆی رووداو کردووە، تاوەکو ئێستا دایک و باوکی، هاوژین و منداڵەکانی، "هەموو هیوا و ئاواتێکیان مانەوە و گەڕانەوەیەتی بۆ نێو خێزانەکەی. 10 ساڵە هیوایان نەبڕاوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە دەشڵێت، لەدوای ئازادکردنی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش، هەر سۆراخێکمان کردبێت، هیچمان دەستنەکەوت، هێشتا دەڵێین بەڵکو خوایە لە زیندانەکانی سووریا بێت و زیندووبێت.
 
دەشڵێت، لەو رۆژەوەی دەستگیرکراوە، تاوەکو ئێستا منداڵەکانی هەر لە چاوەڕوانیدان و هەر چاوەڕێین باوکیان بگەڕێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی گەنجە کوژراوەکە

گەنجێک لە نێو شاری جوانڕۆ بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا

کاژێر نزیک 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزەکانی ئێران لەنێو شاری جوانڕۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە شۆفێرەکەی گەنجێکی 24 ساڵان بوو بە ناوی سوهەیب ئەحمەدی.