سەرۆک بارزانی: پێشوازی لە گوتەکانی ئەحمەد شەرع لەبارەی گەلی کورد لە سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی دەڵێت، لێدوانی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)، فەرماندەی دەستەی تەحریری شام لەبارەی گەلی کورد "جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێدەکەین."
رۆژی یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "لێدوانێکی بەڕێز ئەحمەد شەرعـم لەبارەی گەلی کورد لە سووریا بینی کە گەلی کوردی وەک بەشێک لە نیشتمان و هاوبەش لە سووریای داهاتوو وەسفکردبوو."
لەو بارەیەوە سەرۆک بارزانی دەڵێت: "ئەم تیڕوانینە بۆ کورد و داهاتووی سووریا جێگەی خۆشحاڵییە و پێشوازیی لێ دەکەین و هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی مێژوو و راستکردنەوەی ئەو مامەڵە هەڵە و نادروستەی لەبەرانبەر گەلی کورد لە سوریا ئەنجام دەدرا."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی رۆژنامەڤانێکدا رایگەیاند: "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت."
ئەحمەد شەرع گوتی: "سوپاس بۆ خوا بە لادانی رژێم ئەو ستەمە نەما کە لێمان دەکرا، پشت بەخوا، سووریای داهاتوو کورد تێیدا هاوبەشی سەرەکیی دەبێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە دەروازەیەک و مێژوویەکی نوێ لە سووریا دەستپێدەکات."
ئەو رۆژنامەڤانە لەبارەی ئاوارەکانی عەفرینەوە پرسیار لە ئەحمەد شەرع دەکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: "هەوڵدەدەین ئاوارەکان عەفرین بگەڕێنەوە."
سەرۆک بارزانی دەڵێت: "ئەم جۆرە تیڕوانینە رێخۆشکەرە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی بەهێز و پێویستە کورد و عەرەب و سەرجەم پێکهاتەکانی تری سووریا سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ ئەوەی پێکەوە لە دامەزراندنی سووریایەکی سەقامگیر و ئازاد و دیموکرات بەشدار بن."