رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 11 کەس ژەهراوی بوون. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت، بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، حەوت کەس لە شاری پیرانشار و چوار کەسیش لە گوندی چیانەی سەر بە شاری نەغەدە بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون.
فەرزین رەزازادە گوتی، لە شاری پیرانشار تیمەکانیان ئاگادارکراونەتەوە کە لە دووکانێکی کووتاڵفرۆشی لە ناوەندی شارەکە، حەوت هاووڵاتی بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون.
بە گوتەی رەزازادە، ئەو حەوت هاووڵاتییە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی شاری پیرانشار گوێزرانەوە و ئێستا تەندروستییان باشە.
گوتیشی، رووداوەکە بەهۆی دزەکردنی دووکەڵ بووە لە لوولەی سۆپا.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ هەروەها رایگەیاند، لە گوندی چیانەی سەر بە شاری نەغەدەش چوار ئەندامی خێزانێک بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون.
بە گوتەی فەرزین رەزازادە، ئەو چوار هاووڵاتییەش لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شاری نەغەدە کران و دوای وەرگرتنی چارەسەر، ئێستا تەندروستییان باشە.
لە رۆژی شەممەوە، شەپۆلێکی بەفربارین و سەرما و سۆڵە رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە پلەی گەرما لە هەندێک ناوچە بۆ خوار 22 پلەی سیلیزی دابەزیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ