جوان حاجۆ داوا دەکات لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە یەک دەنگ بڕۆنە شام

رووداو دیجیتاڵ
 
جوان حاجۆ، هونەرمەندی بەنێوبانگی کورد بە رووداوی گوت، "منیش وەکو هەموو کوردێک داوای هاوپەیمانییان لێدەکەم [لە لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان]. لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە کورد بە یەک دەنگ، یەک رەنگ و یەک هەڵوێست بڕۆنە شام".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، جوان حاجۆ لە هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند، "رۆژئاڤای کوردستان قوربانیی گەورەی داوە. باسی زیاتر لە 20 هەزار شەهید دەکەن. باس لە دەربەدەربوونی ملیۆن و نیوێک کۆچبەر دەکەن. بەڕاستی ئەمانە قوربانیی گەورەن. جا کورد لەم قۆناخەدا پێویستە یەک هەڵوێست بن. پێویستە ناکۆکییەکانی خۆمان بخەینە لاوە".
 
ئەو هەروەها گوتی، "ئەمە دەرفەتێکی باشە و پێویستە ئەمریکی و فەرەنسی چی دەڵێن ئێمە بەگوێیان بکەین. تاوەکو بگەینە ئامانج. ئەمڕۆ دوو بابەتی هەستیار هەن. ئەمڕۆ پرسی ئێمە پرسێکی نەتەوەییە. ناومان و رەنگمان هەر چۆن بێت، ئێمە هەر کوردین. پێویستە پرسەکەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی چارەسەر بکرێت. لە عەفرینەوە بگرە تا دەگاتە کۆبانێ و دێرک، خاکی کوردستانە؛ رۆژئاڤای کوردستانە و بەشێکە لە کوردستانی گەورە".
 
جوان حاجۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان لە ئارامیدا بژین. بەسە بەڕاستی بێزار بووین، هەر بە گشتی سووری هەموویان بێزار بوون. پێویستە داوای مافی خۆیان بکەن. جا پێویستە کورد رێک لەم قۆناخەدا رێکبکەون و ناکۆکییەکانی خۆیان بخەنە لایەک و یەک رەنگ و یەک دەنگ بن".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جوان حاجۆ
 
رووداو: من باسی یەکێتیی کوردم لە رۆژئاڤای کوردستان کرد. گوتم پێویستە کورد بەیەکەوە بڕۆنە شام و بەیەکەوە لەوێ کار لەسەر پرسی کورد بکەن. هونەرمەندی ناوداری کورد جوان حاجۆ لە سوێدەوە لەگەڵمە. بانگەوازی هەیە. کاک جوان! بەخێربێیت.
 
جوان حاجۆ: زۆر سوپاس دڵبخوین.
 
رووداو: بانگەوازی تۆ بۆ لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاڤای کوردستان چییە لە بابەتی دروستکردنی شاندێک بۆ ئەوەی بڕۆنە شام. چونکە تا ئەم خولەکەش فەرەنسی و ئەمریکییەکان دەیانەوێت کورد ئاشت بکەنەوە، بەڵام هەر لایەنیکی کوردی رووی لە لایەک کردووە. تۆ داوای چی لە ئەوان دەکەیت و چی دەڵێیت؟
 
 جوان حاجۆ: من چیم دەوێت دلبخوین! منیش وەکو هەموو کوردیک داوای هاوپەیمانییان لێدەکەم. لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە کورد بە یەک دەنگ، یەک رەنگ و یەک هەڵوێست بڕۆنە شام. رۆژئاڤای کوردستان قوربانیی گەورەی داوە. باسی زیاتر لە 20 هەزار شەهید دەکەن. باس لە دەربەدەربوونی ملیۆن و نیوێک کۆچبەر دەکەن. بەڕاستی ئەمانە قوربانیی گەورەن. جا کورد لەم قۆناخەدا پێویستە یەک هەڵوێست بن. پێویستە ناکۆکییەکانی خۆمان بخەینە لاوە. ئەمە دەرفەتێکی باشە و پێویستە ئەمریکی و فەرەنسی چی دەڵێن ئێمە بەگوێیان بکەین. تاوەکو بگەینە ئامانج. ئەمڕۆ دوو بابەتی هەستیار هەن. ئەمڕۆ پرسی ئێمە پرسێکی نەتەوەییە. ناومان و رەنگمان هەر چۆن بێت، ئێمە هەر کوردین. پێویستە پرسەکەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی چارەسەر بکرێت. لە عەفرینەوە بگرە تا دەگاتە کۆبانێ و دێرک، خاکی کوردستانە؛ رۆژئاڤای کوردستانە و بەشێکە لە کوردستانی گەورە. پێویستە کورد لەسەر ئەم بنەمایە رێککەوتن بکات. ئێمە کوردین و خاوەنی رۆژئاڤای کوردستانین. ئەمڕۆ پێویستە خەڵکی رۆژئاڤای کوردستان لە ئارامیدا بژین. بەسە بەڕاستی بێزاربووین، هەر بە گشتی سووری هەموویان بێزار بوون. پێویستە داوای مافی خۆیان بکەن. جا پێویستە کورد رێک لەم قۆناخەدا رێکبکەون و ناکۆکییەکانی خۆیان بخەنە لایەک و یەکرەنگ و یەکدەنگ بن. 
 
رووداو: جوان ئێستا کە گوێمان لە تۆیە، هەمووان لە قامشلۆن. ئەمریکی و فەرەنسیش لە قامشلۆن. ئەنەکەسە، پەیەدە و پارتی نزیک لە بەڕێوەبەریی خۆسەر لەوێ ئامادەن. جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدییە، ئێستا ئێمە کە گویمان لە تۆ گرتووە، هاوکات سەیری دیمەنەکان دەکەین. تۆ دەڵێیت مەترسییەکی زۆر گەورەیە ئەگەر کورد رێکنەکەون و بەیەکەوە نەڕۆنە شام. پێتوایە ئەوان ئەمە بکەن و رێکنەکەون؟ پێتوایە ئەوان هەموو لایەنە کوردییەکان وەلا بنێن یان یەک لایەن؟
 
جوان حاجۆ: تۆ باسی جوامێرێکت کرد، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی. من بە تەواوی کورد دەڵێم، هەرچۆنێک بێت پێویستە رێککەوتن لە نێوان کورد بکرێت. هەروەک گوتم کورد قوربانیی زۆریان داوە. بەڕاستی چەندین ساڵ بەرخۆدانیان کرد، خوێنیان رشت و شەهیدیان دا. کورد لە رۆژئاڤای کوردستان بێ کەموکوڕی بوون و هەموو شتێکی خۆیانیان بەخت کرد. ئەوان جوامێری و قارەمانییەکی سەیر نیشان دەدەن. هەر بۆیە گرنگە ئەو رێککەوتنە لە نێوان کورد بکرێت، پێویستە لایەنەکانی دیکەی کوردیش بێنە قامشلو. بەڵێ مافی ئەوانە و خاکی ئەوانە و دەبێت گوێ بۆ ئەوانیش بگیرێت. لەسەر ئەو بنەمایە رێککەوتنی کورد مەرجە. ئەمڕۆ دەرفەتێکی زێڕین بۆ ئێمە هاتووەتە پێش و دەبێت داوای مافی خۆمان بکەین. ئەوەتا تۆ دەڵێیت فەرەنسی و ئەمریکی لە رۆژئاڤای کوردستانن، لە قامشلۆن. جا ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن. ئەگەر رێککەوتنی کورد نەکرێت، ئەمە ئاو و ئاو دەچێت. بۆ نا؟ ئێوە هەمووتان کوردن. 
 
رووداو: ناکۆکیی سیاسی هەشبن ئاساییە و لە نێوان هەموو پارتی سیاسیدا ناکۆکی هەن. 
 
جوان حاجۆ: دلبخوین، تەنانەت ئەگەر ناکۆکیی سیاسیش هەبن، ئەمە پێشتریش هەبووە و ئێستاش هەیە. ئەوەتا ئەمڕۆ ئەمریکی، فەرەنسی و ئەوروپایی دەیانەوێت ئەو پرسە چارەسەر بکەن. ئەوانە لایەنی ئێمەن، جا پێویستە ئێمە گوێیان لێبگرین و رێکبکەوین. بەسە هەتا کەی؟ رێککەوتن، رێککەوتن، رێککەوتن! ئێمە هەموومان هاوبەشی ئەم خاکەین، هاوبەشی رۆژئاڤای کوردستانین. ئەمڕۆ کوردستانی رۆژئاڤا گرنگە! راستە جوگرافیایەکی گەورە نییە. بەڵام پارچەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ لەوێ کارێکی باشمان کرد، کاریگەریی باشی لەسەر پارچەکانی دیکەش. جا ئەمڕۆ هەموو کورد چاوی لە رێککەوتنی کوردە. نابێت هیچ لایەنیک بڵێت؛ من گەورەم و کار و خزمەتم کردووە، بەڵام ئەوەی دیکە هیچی نەکردووە. پێویستە لەم قۆناخەدا لەسەر بنەمایەکی دیموکراسی رێکبکەون. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بڕۆنە شام و داواکاریی نەتەوەیی خۆیان بەرزبکەنەوە. رۆژئاڤای کوردستان ئەمڕۆ پارچەیەکە لە کوردستانی گەورە. عەفرین، کۆبانێ، سەرێکانیێ، دربەسیێ، عاموودێ، قامشلو تاوەکو دەگاتە دێرکێ هەمووی خاکی کوردستانە. ئەمڕۆ دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتەپێش و دەبێت بیقۆزینەوە، ئەگەرنا نەوەی دوای ئێمە نەفرەتمان لێدەکەن. پێویستە هەموو ئەوانەی بریار بەدەستن، لەسەر ئەم بنەمایە بیر بکەنەوە. پێویستە هەمووان بێنە قامشلو و شوێنی خۆیان لە قامشلو ببینن. نابێت بگوترێت ئەو هیچ خزمەتێکی نەکردووە، ئەوەی دیکە لە هۆتێلەکان ماوەتەوە، دەبێت هەموو ئەمانە بخەنە لایەک و رێککەوتنیک لەسەر بنەمای نەتەوەیی دروست ببێت. ئینجا دواتر بڕۆنە شام و داوای مافی کوردی، نەتەوەیی و کوردستانی بکەن. 
 
رووداو: جوان! زۆر سوپاس. تۆ قسەی دڵی هەموو کوردێکت کرد. قسەی دڵی هەموو کوردیکی کوردستان نەک هەر کوردی رۆژئاڤای کوردستان. تۆ هونەرمەندێکی گەورەیت و گوتەی تۆ کاریگەریی هەیە لەسەر کورد و لایەنە سیاسییەکانیش. جا هیوادارم گوتەکانی تۆ چووبێتە گوێیان. 
 
جوان حاجۆ: من هیوادارم لەم نزیکانە کۆبانێ و قامشلۆ بەیەکەوە ببینم. من هیوادارم دلبخوین! 
 
رووداو: ئێمە دەچین جوان! بەخوا دەچین. من و تۆ بەیەکەوە دەڕۆینە تربەسپی کە زێدی تۆیە، ئینجا دواتریش تاوەکو کۆبانێ دەچین. 
 
جوان حاجۆ: باشە دڵبخوین، هیوادارم رێککەوتنی کورد دروست ببێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ هونەرمەندی ناودار جوان حاجۆ.