رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، بەهۆی دواکەوتنی مووچە بایکۆت فراوان بووە و تاوەکو مووچەکان وەرنەگرن بایکۆت ناشکێنن.
لە 1ـی ئەم مانگەوە لە بەشێکی قوتابخانەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوام دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "پێویستە دەستبەجێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی 10 و 11 بکرێت و هەروەها تەوتین [بەجێکردنی مووچە] و پلەبەرزکردنەوەمان لەبیرنەکردووە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەڵێن، "هۆشداری بە دەسەڵاتداران دەدەین لە زیاتر دواخستنی مووچەکانمان. لە رۆژانی داهاتووشدا؛ گوشاری نوێ و کاریگەر و سەرانسەری، لە بەغدا و هەولێرەوە دەستپێدەکەین و بە کەمتر لە وەرگرتنی مووچەی ئەم سێ مانگە و بەجێکردنی مووچەکانمان لە رێی بانکە فیدراڵییەکانەوە، رازی نابین".
ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵی لە دواى کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، "430 ملیار دینار دەگوێزرێتەوە بۆ سەر مووچەى هەرێمى کوردستان و تیمى تەکنیکى هەردوولا لە ماوەى 10 رۆژدا چارەسەرى تێبینییەکانى دیکە دەکەن کە لەبارەى مووچەوە هەن؛ کە لە 15ى کانوونى یەکەمەوە دەستپێدەکات، هەروەها پێداچوونەوە بە کارەکانى لیژنەیەک دەکرێت کە بەگوێرەى فەرمانێکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێکهێنراوە، ئەمە پێوست بە ئامادەبوونى نوێنەرانى هەرێمى کوردستان دەکات لەو لیژنەیەدا".
حکومەتى فیدڕاڵ بڕیاریداوە سێ گوژمەى 760 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان بنێرێت بۆ مانگەکانى تشرینى یەکەم و دووەم و کانوونى یەکەم، تاوەکو ئێستا یەک گوژمە لەو پارەیە نێردراوە، ئەو 430 ملیار دینارە بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى پارەى مووچەی ئەو سێ مانگەیە بەو پێیەى بۆ هەرمانگێک هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە.
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ رایگەیاندووە، هەرێمى کوردستان پابەندکرا بە خەرجکردنى مووچەى مانگی تشرینى یەکەم، گفتوگۆ و بەدواداچوونەکان بەردەوام دەبن لەگەڵ ئەو لیژنەیەى پێکهێندراوە بۆ تاوتوێکردنى ئەوەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، یاساى خانەنشینى ساڵى 2019ى عێراق بیانگرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوکدا بڵاویکردەوە، "لە رۆژی سێشەممەوە 17-12-2024 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆران دەکرێت. گوتیشی: "لەگەڵ گەیشتنی تەواوکارییەکانی مووچە، مووچەی مانگەکانی دیکەش بە زووترین کات دابەش دەکرێت."
هاوکات عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بایکۆتی مامۆستایان بەهۆی پێنەدانی مووچەیە، جارێ تەنیا قسەیە کە دەڵێن سێشەممە مووچە دابەشدەکرێت، تاوەکو دابەشدەکرێت مامۆستایان بەردەوام دەبن لە خۆپشاندان و بایکۆت."
سەبارەت بە بەجێکردنی مووچە و پلە بەرزکردنەوە عەبدولواحید محەممەد گوتی، "ئەوانە مافێکی یاسایی مامۆستایانن و پێویستە جێبەجێ بکرێن، بەڵام بابەتی بەجێکردن (تەوتین)ی مووچە بە سیاسی کراوە و لەو نێوەندەشدا خەڵکی ئاسایی و فەرمانبەر زەرەرمەند بوون."
بە گوتەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، "لە 1-2-2012ەوە، پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان راگیراوە واتا چەندین ساڵە مامۆستایان بە هەمان مووچە دەوام دەکەن و هیچیان بۆ زیاد ناکرێت."
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ