رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی رایگەیاند، کارەکانی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێکردووە و زیاتر لە 100 هەزار داواکاریی وردبینیان تێدا کراوە.
یەکشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکانی وردبینی و پێداچوونەوەمان بۆ زیاتر لە 100 هەزار ناو تەواوکردووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان دەکەین بۆ رەزامەندیدان لەسەریان".
سەربەست مەولوود گوتی: "ئەم قۆناخە گشتگیرە و هەوڵمانداوە لە سەرجەم وەزارەتەکان چەند هەزار فەرمانبەرێک سوودمەندبن، بەڵام شێوازی دابەشکردن و دیاریکردنی کەسانی شایستە لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیی شارەکانە و ئەوەی لەسەر ئێمە ناردنی ناوەکانە بۆیان، چونکە ئێمە لە لای خۆمانەوە ناتوانین شایستەکان دیاری بکەین".
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ی مانگی رابردوو دەستیپێکرد و بەردەوامە؛ لە هەولێر پێنج هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار 577 پارچەزەوی؛ لە گەرمیان دوو هەزار 474 پارچەزەوی؛ لە دهۆک هەزار پارچەزەوی؛ لە زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش دەکرێن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئە مساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ