بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی داخرا
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی داخرا. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت، کارەبا کوژاوەتەوە و رێگە نادرێت کەس بچێتە بازاڕەکەوە.
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەبای گشتیی لە بازاڕی دۆلارەکە کوژاوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان رێگە نادەن کەس بچێتە نێو بازاڕەکەوە".
دەنگۆی ئەوە هەبوو بەهۆی بەرز و نزمیی بەهای لیرەی سوورییەوە بازاڕەکە داخرابێت. لەو بارەیەوە رەوەز میرزا دەڵێت: "سەرەتا گوتمان لەبەر ئەوەیە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رەتیان کردەوە و دەڵێن کامێراکانی چاودێری بەهۆی نەبوونی کارەباوە کار ناکەن و بۆ پاراستنی سامانی خەڵکە".
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە ئاسایشی گشتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جگە لە کوژانەوەی کارەبا، هیچ هۆکارێکی دیکە نییە لە داخستنی بازاڕەکەدا".
ئەمڕۆ کێشەیەک لە کۆمپانیای دانەگاز بووە هۆکاری کوژانەوەی کارەبای گشتیی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کارەبای موەلیدە هەیە. رەوەز میرزا گوتی: "ئێمەش نازانین بۆ موەلیدەکان کار ناکەن".