رووداو دیجیتاڵ
هەرێمی ناشڤیڵ لە ئەمریکا بە کوردستانی بچووک دەناسرێت، کورد کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر حکومەتی خۆجێیی ئەو ناوچەیە هەیە.
تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردانی تێنێسی، رۆژی یەکشەممە، 15.12.2024، لە کاتی بەشداریکردن لە بوڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "کورد لە حەفتاکانەوە لە ئەمریکا نیشتەجێ بووە، ژمارەیەکی دروستی کورد لە ئەمریکا لە بەردەست نییە، بەڵام تەنیا لە ناشڤیڵ لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار کەس دەبن و ساڵانە ژمارەیان زیاد دەبێ".
کوردانی نیشتەجێی تێنێسی ئەنجوومەنێکی تایبەتییان پێکهێناوە؛ تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنەیە و باسی چالاکییەکان دەکات.
تەعبیر سندی گوتی، "کوردی چوار پارچەی کوردستان لە ناشڤیڵ هەن و زۆرترینیان خەڵکی دهۆک و زاخۆن. دوای ئەوان ئیسپانییەکانن، بەڵام کورد گەورەترین رەوەندی ناشڤیڵە و کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر حکومەت و پەرلەمانی خۆجێیی ئەو ویلایەتە هەیە".
لەبارەی دەستکەوتەکانی کورد لە ناشڤیڵ، تەعبیر سندی گوتی، "نەورۆز بووە بە پشوویەکی فەرمی بۆ کورد، ساڵانە چالاکیی جیاواز بەڕێوە دەبەن و بۆ ساڵی داهاتووش چالاکیی تایبەتییان دەبێ".
لەبارەی گرنگیدان بە زمانی کوردیش گوتی، ئەنجوومەنی ئەوان خولی تایبەتیی زمان بۆ گەنجان دەکەنەوە و هەروەها ئامادەکاری دەکەن بۆ کردنەوەی کتێبخانەیەکی کوردی لەو ویلایەتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ