رووداو دیجیتاڵ
هەفتەیەک بەسەر کۆتاییهاتنی ئەو کاتەی تورکیا دیارکردبوو بۆ قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ نە کاتەکەی درێژکراوەتەوە و نە قەدەخەکەش هەڵگیراوە.
دوایین جار لە 08-06-2024 تورکیا راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکو 07-12-2024 درێژکردەوە. لە دوای ئەو رێککەوتەوە، نە کاتەکەی درێژ کردووەتەوە و نە قەدەخەکەی هەڵگرتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15-12-2024، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی هیچ شتێکیان لەبارەی لابردن، یان بەردەوامی قەدەخەکەوە پێ نەگەیشتووە.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە رووداوی گوت، لە هیچ هەڵوێستێکی تورکیا ئاگادار نین، کە قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە بۆ سلێمانی لادەبرێت یان درێژ دەکرێتەوە.
هاوکات عەتا ئەنوەر، سەرۆكی كۆمەڵەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستاش تورکیا قەدەخەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لانەبردووە و رێگە نادات هیچ فڕۆکەیەکیش ئاسمانەکەی بۆ سلێمانی بەکاربهێنێت".
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
بەرپرسانی باڵای یەکێتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان [قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران] چەندین جار بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ