رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند "پیلانگێڕی"یەکی هەرێمی هەیە لە رێگەیەوە کار بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی جوگرافی و سیاسیی ناوچەکە دەکرێت.
عەبدولکەریم فازڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت، "مەترسییەکی جیدی هەیە تیرۆریستانی عێراقی و بیانیی نێو زیندانەکانی سووریا، وەکو هۆڵ و سەوامع هەڵبێن، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان هەیە."
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پلان بۆ هێرشکردنەسەر ئەو زیندانانەی سووریا دادەنێت کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەن، بۆ ئەوەی هەزاران تیرۆریست ئازادبکات."
عەبدولکەریم فازڵ پێیوایە، هێزەکانیان لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوە و رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵات، بەڵام ئەوەندە بەس نییە و پێویستە پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە رێگری لە هەر هەوڵێکی دەرەکیش بکەن کە بیەوێت ببێتە هەڕەشە بۆ ناوچەکە و عێراق.
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش، عەبدولکەریم فازڵ گوتی: "هاوئاهەنگیی تەواومان لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان هەیە و توانراوە چەندین هەوڵ و پیلانی تیرۆریستان لە کەرکووک و هەرێمی کوردستان پووچەڵ بکرێنەوە."
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ لە سووریا بەدوور نازانێت و دەڵێت: "کاتێک داعش دەستی بەسەر هەندێک ناوچەی عێراق و سووریادا گرت، چەندین جار شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو چەکدارانە روویدا، بۆیە دوورنییە ئەمە لەنێوان چەکدارانی باکووری رۆژئاوای سووریا دووبارە ببێتەوە، چونکە باوەڕ و راجیاوازی لە ئاراستەکردن، مەرجەعیەت و عەقیدەیاندا هەیە."
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق باسی لەوە کرد، کشانەوەی سەربازانی هاوپەیمانیش لە هەندێک ناوچەی سووریا بێ بیانوو بوو؛ "کە نیشاندەری پیلانگێڕییەکی هەرێمییە کە لە رێگەیەوە کار بۆ گۆڕانکاری لە نەخشەی جوگرافی و سیاسیی ناوچەکە دەکرێت."
کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستان سەرووی 18 هەزار ژن، 22 هەزار منداڵی داعشی لە خۆگرتووە. جگە لە کەمپی هۆل؛ سەرووی 10 هەزار چەکداری پێشووی داعش-یش لە چەند زیندانێكی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
بە گوتەی هەسەدە، داعش نەمانی سوپای ئەسەدی قۆستووەتەوە و شانەکانی لە ناوچە بیابانییەکانی پارێزگەی دێرەزوور و حومس چالاکتر بوون و رۆژانە مێردمنداڵ و گەنجی زیاتر تێکەڵ بە ریزەکانی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ