شەپۆلێکی بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شەپۆلێکی  بەفر و باران رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە چەندین ناوچە لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، لۆرستان، کرماشان و ئیلام بەفر و باران باریوە.
 
بەپێی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، لە چەندین ناوچەی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و لۆرستان و بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر باریوە و لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان باران باریوە.
 
لە پارێزگای ورمێ لە شاری تیکاب و چالدێران بەفر باریوە. سابیر بورهانی، بەرپرسی فەرمانگەی رێگەوبانی تیکاب رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە لە هەندێک شوێنی ئەو شارە 15 سانتیمەتر بەفر باریوە و تیمەکانیان بەفری سەر رێگەی نێوان تیکاب-بیجار، تیکاب-شاهیندژ، تیکاب-دەندی و تیکاب-ئێرانخایان راماڵیوە و هاوکاریی 50 ئۆتۆمبێل و 105 هاونیشتیمانییان کردووە کە بەهۆی بارینی بەفر لە رێگەکانی شاری تیکاب ئاسێ ببوون.
 
هەروەها بەپێی کەشناسی پارێزگای ورمێ، لە شاری چالدێران لە باکووری پارێزگاکە 10 سانتیمەتر بەفر باریوە.
 
بەڕێوەبەری کەشناسیی شاری مهابادیش رایگەیاند، لە شارەکانی سەردەشت، مهاباد، تیکاب، شنۆ، شاهیندژ و پیرانشار لە 24 کاژیری رابردوودا باران باریوە.
 
ئەردەلان محەمەدپوور دەڵێت، زۆرترین باران لە سەردەشت باریوە، کە 21 ملیمەتر بووە، لە شارەکانی پیرانشار و شنۆ 8 ملیمەتر، شاهیندژ 7.4 ملیمەتر، تیکاب 5.2 ملیمەتر و لە شاری مهاباد تەنیا 1 ملیمەتر باریوە.
 
لە پارێزگای سنەش، لە ناوچە شاخاوییەکانی ناوچەی هەورامان و شاری سەوڵاوا بەفر باریوە.
 
محەمەد شەبرەندی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی فەرمانگەی رێگەوبانی شاری سەوڵاوا رایگەیاندووە، لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکە نزیکەی 30 سانتیمەتر بەفر باریوە، بە تایبەت لە رێگەی سەوڵاوا-هەورامان و لە لۆفەی ژاڵانە بەفرێکی زۆر باریوە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و خەڵک دروست بووە.
 
سیروس نادری زەرنە، بەڕێوەبەری کەشناسیی ئیلامیش دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە باران دەبارێت و پلەکانی گەرما تاوەکو 6 پلە دابەزیون.
 
بەگوتەی سیروس نادری زەرنە، لە 24 کاژێری رابردوودا لە شاری دێلەران 37.1 ملیمەتر، ئەیوان 32.9 ملیمەتر و شاری ئیلام 28.8 ملیمەتر باران باریوە.
 
لە رۆژی چوارشەممە، 13-12-2023وە، شەپۆلێکی بارینی بەفر و باران پارێزگای لۆرستانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە.
 
بەپێی کەشناسیی پارێزگای لۆرستان، لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی دێلفان، ئەلیگۆدەرز، نوورئاوا و خۆرەمئاوا بەفر باریوە و تیمەکانی فەرمانگەی رێگەوبان خەریکی پاککردنەوەی رێگەکانن.
 
هەروەها بەهرۆز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی لۆرستان رایگەیاند، لە شارەکانی سپی دەشت 39.8 ملیمەتر، خورەمئاوا 28.2، بروجێرد 11.8، کۆهدەشت 9.3، ئەلیگۆدەرز 10.7، پۆلدوختەر 11.2، دووروود 9.7، ئەلێشتەر 6.8، ئەزنا 8.3، رومشکان 7.5، سەرئاو دوورە 12.2، ئیمان ئاوا 19.6، سێلاوخور 7.4، ریملە 29.6 و شولئاواش 24.6 ملیمەتر باران باریوە.
 
کەشناسیی پارێزگای کرماشانیش بڵاویکردەوە، کە لە دوو رۆژی رابردوودا تێکڕای بارینی باران لە سنووری پارێزگاکە 18 ملیمەتر بووە و لەو ماوەیەدا لە شاری کرماشانیش 13 ملیمەتر بارینی باران تۆمارکراوە.
 
سەعید قاسمی، بەڕێوەبەری بەشی پێشبێنییەکانی کەشناسیی کرماشان دەڵێت، زۆرترین باران لە پاوە باریوە، کە 43 ملیمەتر بووە، کەمترینیشی لە شارەکانی کەنگەڤەر و سونقور بووە، کە تەنیا 2 ملیمەتر باران باریوە.