سوودانی: پابەندین بە جێبەجێکردنی مادەی 140

15-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بەرنامەی بێستوون تۆک.
بەرنامەی بێستوون تۆک.
نیشانەکردن سوودانی لە بێستوون تۆک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، لەم کابینەیەدا بڕیاریاندا بە کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 و جەخت لەوە دەکاتەوە کە حکومەت پابەندە بە جێبەجێکردنی مادەکە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆک کە شەوی پێنجشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2023،  لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا، باسی لە چەندین بابەتی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. 
 
بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری بەرنامەکە لەبارەی کێشەی زەویوزاری سنووری پەلکانە لە کەرکووک پرسیاری لە سەرۆکوەزیران کرد، کە خاوەن زەوییەکان بەهۆی کۆمەڵێک بڕیاری دادگەی (محکمە قیادەی سەورە) دادگەی شۆڕشی سەردەمی سەدام حوسێن، ناتوانن زەوییەکانیان بەکاربێنن، لە بەرامبەردا خەڵکی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هێنراون و مافی خاوەن راستەقینەکانیان زەوتکردوون؛ پرسی: ئەمە چۆن چارەسەر دەکەن؟
 
سوودانی لەو بارەیەوە روونیکردەوە: "ئەوەش یەکێکە لەو کێشانەی بە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوورەوە بەستراوە. بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورە لە دەستگرتن بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکاندا ئەم گۆڕینە دیمۆگرافیەی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەو بڕیارانە هەتا ئێستا هەڵنەوەشاونەتەوە، هەڵبەتە بەشێکیان، بەشی زۆریان هەڵوەشاونەتەوە. جێبەجێکردنی وەکو گوتم بەگوێرەی ئەو هەنگاوە یەک لەدوای یەکانە دەبێت کە لە ماددەکەدا هاتوون. بەرەوڕووی کێشەیەک بووینەتەوە لەنێوان جووتیارانی نەتەوە جیاوازەکان، ئەمە بە رێکاری ئێستایی چارەسەر دەکەین، بەڵام چارەسەرە ریشەییەکە بە راشکاوی بڵێم بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو بڕیارەکان دەبێ و ئەوەش پێویستی بە دانانی یاسای نوێ هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و هەروەها جێبەجێکردنی ماددەی 140." 
 
بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی وڵاتەکە پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.
 
جێبەجێنەکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاوکات کێشەی بۆ جووتیارانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان دروستکردووە؛ گەرچی بەپێی دوایین بڕیاری مادەی 140 پێویستە ئەو زەوییانەی لەسەردەمی رژێمی پێشوو بە بڕیاری لیژنەی ناوچەی باکوور لە کورد و تورکمان وەرگیراونەتەوە بدرێتەوە خاوەنەکانیان، بەڵام تائێستا هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە و تادێت سەر ئێشەی زیاتر بۆ جووتیاران دروست دەکرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی پرسی مادەی 140 باسی لەوەش کرد، "بابەتی مادەی 140 و ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەمە دەستەواژەکەیەتی، مادەیەکی دەستوورییە و لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا لە ساڵی 2005 بڕیاری لەسەر دراوە و چەند لیژنەیەکی بۆ پێکهات، بۆ جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێک دانراوە. بەداخەوە حکومەتەکانی پێشوو، هەروەها ئەو لیژنانەی پێکهاتن نەگەیشتنە ئەنجامێک. ناکۆکییەکیش هەبوو لەبارەی ماوەی کارایی مادەکە و ماوەی جێبەجێکردنی."
 
سوودانی هۆکاری نەکردنی سەرژمێری لە ناوچەکانی مادەی 140 رووندەکاتەوە و پێیوایە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە؛ سوودانی دەڵێت: "کاتی خۆی لەیادمە تەنانەت ناکۆکی کەوتە نێوان ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی حکومەت دەربارەی ئەوەی مافی کێیە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی قیادەی سەورە چارەسەر بکات. کەواتە کێشەیەک هەبوو. لە کارنامەی حکومەتی ئێمەدا ئەمە هاتەوە بەرباس و گفتوگۆ و مشتومڕی زۆری لەسەر کرا. دواجار رێککەوتین لەسەر ئەوەی لیژنەکە پێکبێتەوە و دەست بکەینەوە بە خەرجکردنی ئەو قەرەبووانەی کە دواکەوتبوون، پاشان هەنگاوی دواتر دەستبکەین بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی دیکەی کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە، رەنگە لە هەمووشیان گرنگتر سەرژمێریی دانیشتووان بێت. بڕیار وابوو ئەو سەرژمێرییە لە ساڵی 2023 دا بکرێ، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دواخرا بۆ مانگی ئایاری 2024. پێموایە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە دەبێتە سەرەتایەک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیە." 
 
محەممەدئەمین فارس، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری عێراق رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە پەراوێزی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا لە دوبەی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وەکو سەرۆکایەتیی کۆمار لیژنەی پێویستیان بۆ چاودێریی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە ناوچە کێشەلەسەرەکان هەیە، ''بەڵام کێشەکە بڕگەکانی دەستوور و یاسان کە تاوەکو ئێستا وەکو خۆیان جێبەجێ نەکراون، لەبەر ئەوەی کێشەی رێککەوتنی سیاسی هەیە. زۆر مادە یان یاسا هەن تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنیان لەسەر نەکەن، جێبەجێ ناکرێن و یەک لەوانەش مادەی 140ـە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی ژمارەیەک سەربازی تورکیا

سوپای تورکیا گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند

وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 5 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە راگەیاند. هەسەدەش دەڵێت، پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە.