لە دەربەندیخان درەختێکی تەمەن 200 ساڵ دەسووتێندرێت

15-12-2023
پێشەوا بەختیار
وێنەی درەختە بەتەمەنەکە لەدوای سووتاندنی.
وێنەی درەختە بەتەمەنەکە لەدوای سووتاندنی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

چوار رۆژە درەختێکی تەمەن نزیک 200 ساڵەی گوندی بیرکێ لە دەربەندیخان لەلایەن چەند کەسێکەوە سووتێندراوە، و گوندنیشینەکانی نیگەران کردووە. 
 
سلێمان عەبدوڵڵا لە شەستەکانی تەمەنیەتی، لەوەتەی بەبیری بێت بە منداڵیش لەگەڵ باوک و باپیرانی بۆ بۆنە تایبەت و گرنگەکانی گوندەکەیان ژێر ئەو درەختە، کە ناویان نابوو دارەکەی سوورەبانیان، کردبووە جێگەی خۆشیان، بەڵام ئیدی بەهۆی سوتانی دارەکە بەشێک لە یادگاری و مێژووییەکەشیان وەکو دارەکە لەنێوچوو.
 
مام سلێمان دەڵێت، "ئەم دارە سیمبولی گوندەکەمان بوو. هەقبوو هەموو گوندنشینان بهاتنایە و ئێستا فاتیحەیان بۆ ئەم دارە بخوێندایە. خوا ئەوانە بگرێت کە ئەم دارەیان سوتاند." 
 
لە بەشێکی ڤیدیۆیەکدا، جیاوازیی وێنەکانی درەختە بەتەمەنەکە دەردەکەوێت؛ جیاوازییەکە تەنیا نۆ مانگە کە بەهاری رابردوو بە سەتان کەس بۆ گەشت و سەیران سێبەری ئەو درەختەیان هەڵبژاردبوو.
 
ئەوەی تاوەکو ئێستا لای پۆلیس و گوندنشینانن ناڕوونە ئەوەیە کە کێ و بۆچی ئەو درەختە بەتەمەنەیان سوتانداووە، چونکە ئەوە یەکەمجار نییە و ساڵی رابردووش هەوڵی سوتاندنی درابوو، بەڵام زوو فریای کوژاندنەوەی کەوتبوون.
 
ئەم ساڵ دووکەڵی سووتانی درەختەکە بەئاسماندا چوو و قەد و لق و پۆپەکانیشی بەزەویدا کەوتوون.
 
خالید عەلی، گوندنشینە و دەڵێت، "بەداخەوە ئەم ساڵیش بەدەستێکی رەش ئەم دارەی کە هەموو گوندەکەمان یادگاریی لەگەڵی هەبوو، سوتاندیان، داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار و رێکخراوە ژینگەییەکان کردووە کە هەرچی زووە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن، و ژینگە زیاتر بپارێزن." 
 
سکاڵا تۆمار کراوە و پۆلیس بەدوای بکەرانی رووداوەکە دەگەڕێت، دەڵێن هەر دەیانگرین و بەسزای خۆیانیان دەگەیێنین.
 
گوندی بیرکێ دانیشتوانەکەی 30 ماڵە و بە دووریی 10 کلیۆمەتر کەوتووەتە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی قەزای دەربەندیخان.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە