کشتوکاڵی هەڵەبجە: نرخی کیلۆیەک هەنار گەیشتووەتە 3000 دینار

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، نرخی هەناری هەڵەبجە زیادیکردووە و ئێستا نرخی کیلۆیەک هەنار بە 3000 دینارە، یەکێک لە هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بەرهەم.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-12-2022، ستار محەممەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "بە شێوەیەکی گشتی ئەمساڵ نرخی هەناری هەڵەبجە گران بووە، شوێن هەیە کیلۆیەک بە 2000 دینار دەفرۆشێت و شوێن هەیە بە 3000 دینار."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەهۆی سەرماوە ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە کەمی کردبوو، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
 
هەڵەبجە ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تۆن هەنار بەرهەم دەهێنێت. ستار محەممەد، لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵ گوتی، "پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەمساڵ لە 12 هەزار تۆن کەمتر بێت."
 
هەناری هەڵەبجە بەهۆی کوالێتییە باشەکەی، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵكو لە دەرەوەش ناوبانگی پەیدا کردووە. ساڵانە بڕێک لە هەناری هەڵەبجە هەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دەکرێت. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجەش دەڵێت، پرۆسەکە تائێستا بەردەوامە و بەشێکی زۆری هەنار هەناردەی ئیمارات کراوە.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 03-12-2022 لەبارەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجەوە رایگەیاند، "هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی، دەرگایەکی نوێیە بۆ جووتیاران کرایەوە، ئەمجارە بۆ وڵاتانی کەنداو هەنارمان هەناردە کردووە، بەڵام ئەمە دەستپێکە و لە قۆناخەکانی داهاتوودا بەنیازین بەرهەمەکانی دیکەی وەکو ترێ، هەنجیر، هەنگوین و سێو هەناردە بکەین، ئێستا لە فرۆشگاکانی چەندین وڵاتی کەنداو بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان هەن."
 
مەسرور بارزانی راشیگەیاند، بەروبوومەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێنە پێنج وڵاتی کەنداو، هاوکات وڵاتانی ئەوروپاش وەکو بەریتانیا، سوێد، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا.