لە ئیلام کچە کوردێکی تەمەن 17 ساڵ مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

سۆنیا شەریفی، کچێکی تەمەن 17 ساڵی خەڵکی شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارەدا دەستبەسەر کرابوو، بە موحارەبە (شەڕ دژی خودا) مەحکوم کراوە، کە سزای ئەو "تاوانەش" زۆرجار لەسێدارەدانە.
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لێکۆڵەرە ئەمنییەکان سۆنیا شەریفییان ناچار کردووە دان بەوەدا بنێت "کۆکتێلی مۆلۆتۆف (بوتڵی شووشەی پڕ لە سووتەمەنی)ی دروست کردووە و لەسەر دیوارەکان دروشمی نووسیوە."
 
سۆنیا شەریفی نزیکەی دوو مانگە دەستبەسەر کراوە، دامەزراوە ئەمنییەکان بەڵێنیان بە خێزانەکەی دابوو، ئەگەر لە ئاست گیرانی کچەکەیان بێدەنگ بن، ئازادی دەکەن.
 
دادگەی ئینقلابی شاری ئاودانان و ئیلام وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان بە کەسوکاری سۆنیا نەداوە و رێگەشیان پێنەداون پارێزەری بۆ بگرن.
 
سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر خۆپێشاندەرەکان، بووەتە هۆی نیگەرانیی رێکخراو و چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش.
 
لە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام ژمارەیەکی زۆری خۆپێشاندەرانی ئەو شارە دەستبەسەر کراون، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا کەسوکاری ئەو گیراوانە چەندینجار لەبەردەم دادگەی ئەو شارە کۆبوونەوە و داوای ئازادکردنی گیراوەکانیان کرد.
 
محەممەد سوبحان حەسەنی، جێگری پارێزگاری ئیلام، رۆژی 19-11-2022 گوتی، "ئەوانەی دەستگیر کراون، دەستدرێژییان کردووەتە سەر شوێنە پیرۆزەکانی ئاودانان."