شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو مەفرەزەیە دەستگیرکران کە فەرمانبەرە کوردەکەی کەرکووکیان دەستبەسەرکرد


رووداو دیجیتاڵ

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو مەفرەزەیە دەستگیرکران کە فەرمانبەرە کوردەکەی کەرکووکیان دەستگیرکرد کە دوای چەند کاژێرێکی کەم گیانی لەدەستدا. دەشڵێت، "ئەمڕۆ سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەسەر رووداوەکە پەیوەندیی پێوەکردووە و دڵنیایی داوە لەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات".
 
شەوی پێنجشەممە، 15-12-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی گیانلەدەستدانی فەرمانبەرێکی کوردی کەرکووک دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر دۆسیەی ئەو فەرمانبەرە کوردەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پەیوەندیی پێوەکردووە و دڵنیایی داوە لەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن، هەروەها پێی راگەیاندوون تەواوی ئەو مەفرەزەیەی ئەو فەرمانبەرەیان دەستبەسەرکردبوو دەستگیرکردووە و ئێستا شاندێکی باڵای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە رێگەوەن بۆ کەرکووک بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسە."
 
هەر ئەمڕۆ نووسینگەی وەزیری دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لێکۆڵینەوە لە گیانلەدەستدانی فەرمانبەرێکی کورد دەکەن کە شەوی رابردوو دوای دەستگیرکردنی لە لایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک، گیانی لەدەستدا.
 
گیانلەدەستدانی عەبدولقادر سەباح، ئەو فەرمانبەرە کوردەی کەرکووک کە دوای دەستگیرکردنی هات کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی، کەسوکارەکەی لە مردنی ئاگادارکرانەوە، دەنگدانەوەی بەدواداهات. 
 
بەگوێرەی نووسینگەی وەزیری دادی عێراق، "بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانی بە وەزیری دادی راگەیاندووە هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی باڵا دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات لەسەر ئەو رووداوە و سەردانی کەرکووک دەکەن بۆ سزادانی سەرپێچیکاران."
 
عەبدولقادر سەباح عەلی، ئەو هاونیشتمانییە فەرمانبەر بووە لە لقی کەرکووکی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، لەدایکبووی ساڵی 1977 بوو، یەک منداڵی هەیە. کەسوکارەکەی دەڵێن، "بەرەبەیان ئاگادارکراوینەتەوە تەرمی کوڕەکەمان لە نەخۆشخانەی کۆمارییە."