ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی: نرخی پێوەری ئاوی ماڵان لە 35 هەزارەوە بۆ 55 هەزار دینار بەرزکراوەتەوە

15-12-2022
نازەنین گۆران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، کۆمپانیاکان نرخی پێوەری ئاویان گران کردووە، پێشتر بە 35 هەزار دینار بوو ئێستا شوێن هەیە بە 55 هەزار دینار و زیاتریش دەیفرۆشێت. گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانییش دەڵێت، ئاگاداری ئەو بابەتەن، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر دووکاندارێک پێوەرەکەی بە گران پێ فرۆشتن ئاگاداریان بکەنەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-12-2022، کاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی دوایین وادەی بەستنی پێوەری ئاوی دیاریکرد، کە 21ی ئەم مانگەیە، کۆمپانیاکان ئەوەیان قۆستووەتەوە و نرخی پێوەریان گران کردووە."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلیمانی، پێشتر نرخی پێوەر بە 35 هەزار دینار بووە، ئێستا بۆ 55 هەزار دینار و زیاتریش زیادیکردووە. کاسترۆ مەعرووف گوتیشی، "لە چەمچەماڵ بە 100 هەزار دیناریش دەستناکەوێت."
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دوو داوا لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، یان ئەو وادەی بۆ دانانی پێوەری ئاو دانراوە درێژی بکەنەوە، چونکە هێشتا ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان پێوەرەکەیان نەبەستووە، یان رێگری بکەن لە کۆمپانیاکان و نەهێڵن نرخی پێوەر گران بکەن.
 
رۆژی 14-11-2022، وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو 21ی ئەم مانگە ئەو هاوبەشانەی ئاو کە پێوەریان نەبەستووە بیبەستن، بۆئەوەی سوودمەندبن لە داشکاندنی کرێی ئەو مانگانەی لەسەریانە کە پێشتر 80 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ دانیشتووانی شارەکان بۆ 20 هەزار دینار کەمکراوەتەوە و ئەوانەی دەرەوەی شارەکان بۆ 10 هەزار دینار کەمکرایەوە، بە پێچەوانەوە هەر هاوبەشێک پابەند نەبێت بڕی 80 هەزار دیناری مانگانەی بۆ ئەژمار دەکرێت.
 
کوردۆ عومەر، گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیادکردنی نرخی پێوەری ئاو سزای یاسایی لەسەرە، بەردەوام هاووڵاتییانیان ئاگادار کردووەتەوە، هەر کۆمپانیایەک بە نرخێکی گران پێوەریان پێدەفرۆشێت، ئاگاداری نزیکترین فەرمانگەی ئاو بکەنەوە بۆئەوەی سکاڵاکان بگاتە وەزارەت و لایەنی بەرپرس سزابدرێن.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی شارەوانی، تائێستا بڕیار وایە دوایین وادەی بەستنی پێوەری ئاو 21ی مانگ بێت و درێژناکرێتەوە، بەڵام دواجار بیر لە "بەرژەوەندی هاووڵاتییان" دەکرێتەوە ئەگەر بزانرێت بەشێکی زۆری هاووڵاتییان سوودمەند نەبوون لە دانانی پێوەر، ئەوە رەنگە وادەی دیاریکراو درێژبکرێتەوە.
 
بیرۆکەی پێوەری زیرەکی ئاو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2007، بەڵام لە ساڵی 2015وە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و مەبەست لێی رێگریکردنە لە بەفیڕۆچوونی ئاو.
 
19-09-2022، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ساڵی 2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەرێمی کوردستان 42 ملیار و 200 ملیۆن دیناری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان کۆکردبووەوە و ئەمساڵیش لە ماوەی هەشت مانگدا داهاتی ئاوی هەرێمی کوردستان نزیکەی 37 ملیار دینار بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە