​فڕۆکەکانی تورکیا چیایەکی سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆردوومان دەکەن

15-12-2021
ناسر عەلی
دوو دیمەنی ساتی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا. وێنەکان: تایبەت بە رووداو نێردراون
دوو دیمەنی ساتی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا. وێنەکان: تایبەت بە رووداو نێردراون
A+ A-
 
رووداو - دهۆک

فڕۆکەکانی تورکیا لووتکەی چیای حەفت تەبەقی لە سنووری ناحیەی دێرەلووک سەر بە قەزای ئامێدی بۆردوومان کرد. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەکە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
رابین عەلی، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک ڤیدیۆی ساتی بۆردوومانی چیای حەفت تەبەقی بۆ رووداو ناردووە و ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەکانی تورکیا بەرزایی چیاکەیان بۆردوومان کردووە و "بەهۆی دەنگی گەورەی بۆردوومانەکە، ترس بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستبووە".
 
سەبارەت بە زیانەکان ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوە کرد، "وەکو خەڵکی سڤیل، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام بەهۆی دووریی شوێنی بۆردوومانەکە، زیانەکانی دیکە نەزانراون".
 
هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناحیەی دێرەلووک جگە لە پشتڕاستکردنەوەی بۆردوومانەکان بۆسەر چیاکە ئاماژەی بەوەش کرد، "مانگێک دەبێت فڕۆکەکانی تورکیا فۆکەسیان خستووەتە سەر زنجیرە چیای بێسمتی حەفت تەبەق و کورەژار لە سنووری هەردوو ناحیەی دێرەلووک و شێلادزێ لە مانگێکدا حەوتەم جارە بۆردوومان دەکرێن".
 
سەبارەت بە زیانەکان، ئەو سەرچاوە ئەمنییە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە گوتی، "شوێنی بۆردوومانەکە دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوون، هیچ کەسێک لە خەڵکی سڤیل زیانی بەرنەکەوتووە، بەڵام ترس بۆ خەڵکی ناوچەکە دروستبووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە