کۆمەڵەی کرێنشینان: نزیکەی 200 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستاندا هەن

15-12-2021
جووتیار قارەمان
وێنەی شاری سلێمانی،  بڵند تاهیر - رووداو
وێنەی شاری سلێمانی، بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زۆریی رێژەی کرێنشینان لە سلێمانی و نەبوونی شوێنێکی نیشتەجێبوون بۆیان کێشەیەکی سەرەکییانە. 34 هەزار کرێنشینی تۆمارکراو لەو شارە هەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی پێیوایە ئەگەر سندووقی نیشتەجێبوون دروستبکرایە، بەشێکی زۆری کێشەی کرێنشینان چارەسەر دەکرا.
 
پێشڕەو کەمال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "زۆر گرنگ بوو کە سندووقی نیشتەجێبوون دروستبکرایە. بەو شێوەیە دەتوانرا بەشی زۆری کێشەی کرێنشینان چارەسەر بکرێت. کاتێک یەکەکانی نیشتەجێبوون تەواو دەبن، حکومەت بڕێکی کەم کرێ لە خەڵک وەردەگرێت کە تێچووی پرۆژەکەیە".
 
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی، مانگانە ئەو پارەیەی لە کرێنشینانی ناو یەکەکان وەردەگیرێت دەچێتە سندووقی نیشتەجێبوونەوە، بەو پارەیە دەتوانرێت کێشە و گرفتی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی پێ تەواو بکرێت، کەچی سندووقەکە دروست نەکرا.
 
بەرهەم سەردار، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستانیش گوتی، "ئێستایش دەست بە دروستکردنی سندووقی نیشتەجێبوون بکرێت هێشتا درەنگ نییە، زۆربەی کێشەکانی کرێنشینان چارەسەر دەکات".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، "وەبەرهێنەری وا هەیە ئامادەیە بە دوو دەفتەر دۆلار شوقەی 100 مەتری بە هەموو خزمەتگوزارییەکەوە بۆ کرێنشینان دروست بکات، بەڵام شوێنی بۆ دابین ناکرێت. تاوەکو کلیلەکەش رادەست دەکات پێنج هەزار دۆلار وەردەگرێت، ئیدی ماوەکەی بە قیستی مانگانەی 100 دۆلار وەردەگر‌ێت. دوو ساڵە بە هەموو بەرپرسانی گوتووە، کەس ئاوڕیان لێ ناداتەوە".
 
ساڵی 2008 لە پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە حەوت بۆ کرێنشینان دەرچوو، بۆئەوەی پرسی کرێنشینان رێکبخرێت و کێشەکەیان چارەسەر بکرێت.
 
پێشڕەو کەمال باسی لەوەش کرد، "ئەم یاسایە زۆر باشە و لە خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە. بەو شێوەیەش دەرکراوە کە لەگەڵ گیرفان و گوزەرانی خەڵکدا بگونجێت. کێشەکە لەوێوە دەستیپێکرد کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەت وەزارەتی شارەوانی، وەکو پێویست بۆ جێبەجێکردنی نەهاتنە پێشەوە بۆئەوەی شوێنێکی گونجاو تەرخان بکەن".
 
بەرهەم سەردار ئەوەی خستەڕوو، "لە هەرێمی کوردستاندا 17 ملیار دۆلار لە بواری نیشتەجێبووندا خەج کراوە کە 11 ملیاری لە هەولێر، سێ ملیاری لە سلێمانی و دوو ملیاری لە دهۆک بووە، کەچی نەتوانراوە قەیرانی کرێنشینان چارەسەر بکرێت. زەویی زۆر باش بە وەبەرهێنان دەدرێت کە بەرپرسیان لەپشتە، بەڵام زەویی خراپ بۆ کرێنشینان تەرخان دەکرێت".
 
لە ساڵی 2011وە تاوەکو ساڵی 2014 لە سلێمانی، بە کۆی گشتی 5904 یەکە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ژمارەیەش هەزار و 18 یەکەیان تەواوبوون. ساڵی 2012 بڕی 107 ملیار دینار بۆ دروستکردنی 2148 یەکە لە سلێمانی تەرخانکرا. پرۆژە هەیە لە پێنجوێن 98%ی تەواو بووە.
 
پێشڕەو کەمال، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سلێمانی گوتی، "بە بۆچوونی من، ئەوەی وەبەرهێنان لەم چەند ساڵەدا کردوویەتی، تەنیا بەڵێندەرایەتیی کردووە. پارەیەکی زۆری خستووەتە سەر ئەو پارانەی کە بەڵێندەر و وەبەرهێنەکان هەیانە و هەڵیتۆقاندوون. هیچ سوودێکی بە خەڵکی کەمدەرامەت نەگەیاندووە".
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 200 هەزار کرێنشین هەن. کە 34 هەزار کرێنشینیان لە سلێمانین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گومرگی کرماشان.

گومرگی کرماشان: لە سێ مانگدا 850 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەکراوە

بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان دەڵێت، لە سێ مانگدا هەناردەی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە بەراورد بە پار 7٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 845 ملیۆن دۆلار.