لە هەولێر ئاگر لە کارگەیەکی پیشەسازی کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە کارگەیەکی دروستکردنی سەندەویچ پەنەڵ لەسەر رێگەی مەخموور - هەولێر کەوتەوە و زیانی مادیی بە کارگەکە گەیاند. بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەمێک لەمەوپێش رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەیەکی نێو پيشەسازیی تيماری گەورە لەسەر رێگەی هەولێر - مەخموور بەهۆی لێچوونی گازەوە کەوتەوە و زیانی مادیی بە کارگەکە گەیاند."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتیشی، "ئاگرەکە لە شوێنی مانەوەی پاسەوانانی کارگەکە بووە. پاسەوانەکان لە رێگەی سۆندەوە گازیان بۆ نێو کابینەی مانەوەی خۆیان راکێشابوو. لێچوونی گازەکەش لە سۆندەکە بووە و بەو هۆیەوە ئاگرەکە کەوتووەتەوە."
بە گوتەی شاخەوان سەعید، "ئاگرەکە لەلايەن تيمی ئاگرکوژێنەوەی ئازادی کۆنترۆڵکراوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە."
رۆژی 11ی ئەم مانگە شاخەوان سەعید بە رووداوی گوت، "لە 10 مانگی رابردوودا 2057 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە."