ئاژانسێکی بەریتانی بۆ رووداو: لەگەڵ هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قاچاخچییەکانی کۆچبەران دەبینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان رووبەڕووی مەترسییە هاوبەشەکان، لەوانە گرووپەکانی قاچاخچیی کۆچبەران دەبنەوە. دەشڵێت، ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە 70 کەس و گرووپ کە قاچاخچییەتی بە کۆچبەران دەکەن.
گوتەبێژی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی بەریتانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "کۆچبەری کێشەیەکی نێودەوڵەتییە و بەردەوامین لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لەسەریان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان. ئەو زانیارییە هەواڵگریانە بوونەتە هۆی رێگریکردن لە پەڕێنەوەی کۆچبەران و دەستگیرکردنی ئەوانەی هاوکارییان لە بەریتانیا و دەرەوە [ـی بەریتانیا] دەکەن".
دەشڵێت، "پەیوەندییەکی ئەرێنیمان لەگەڵ دامودەزگا یاساییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و بەیەکەوە کار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ژمارەیەک مەترسیی هاوبەش، لەوانە گرووپە تاوانکارییەکانی کۆچبەری دەکەین." جەخت لەوەش دەکاتەوە، "ئەو گرووپە تاوانکارییانە لە هەموو شوێن و رێگەیەک، لەوانە ئەو وڵاتانەی سەرچاوەی کۆچبەرانن، ئەوانەی رێگەی هاتنی کۆچبەرانن، لە نمونەی یۆنان، تورکیا، ئیتاڵیا، فەرەنسا و بەلجیکا و نێوخۆی بەریتانیاش بە ئامانجدەگرین و دەستگیریان دەکەین".
ئاماژە بەوەش دەکات، رووبەڕووبوونەوەی "تاوانی گواستنەوەی کۆچبەران ئامانجێکی لەپێشینەی" ئاژانسی رووبەرووبوونەوەی تاوانە... توانا و سەرچاوەی زیاتر بۆ رێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە تاوانکارییانە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەکاردەهێنین".
بە گوێرەی گوتەکانی ئەو بەرپرسە بەریتانیە بۆ رووداو، "قاچاخچییەکان ژیانی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. گرنگی بەوە نادەن کە ژیانی کۆچبەران لە بەلەمەکاندا دەخەنە مەترسییەوە و تەنیا ئەم ساڵ زیاتر لە 50 کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزدا خنکاون".
لەو زانیارییانەی ئاژانسەکە بۆ رووداوی ناردوون دەردەکەوێت، ئێستا ئاژانسەکە لێکۆڵینەوە لە "70 کەس و رێکخراوی تاوانباری کۆچبەران و بازارگانیکردن بە مرۆڤەوە" دەکات.
هەفتەی رابردوو، دادگەی شاهانەی پرێستن هاونیشتمانییەکی بەناوی بەناوی ئامانج حەسەنزادە بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادا، ئەوەش لەسەر ئەوەی کۆچبەری بە نایاسایی بە بەلەمی بچووک بە نۆکەندی ئینگلیزدا گەیاندووەتە بەریتانیا.
ئامانج، کە بە ئامانج زەمانیش ناسراوە، ژمارەیەک ڤیدیۆی بڵاوکردوونەوە کە دەردەکەوێت لە هەرێمی کوردستان لەنێو دانیشتنی بەندبێژەکاندایە و دەمانچە دەردەهێنێت و تەقە بە ئاسماندا دەکات.
مارتن کلارک، بەرپرسێکی ئاژانسی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، "ئامانج تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچییەکانی هەبووە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ ریکلامکردن بەکارهێناوە". بەرپرسەر ئەمنییە بەریتانییەکە ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ ئامانج، گرنگترین شت پارە بووە، هیچ بەلایەوە گرنگ نەبووە ژیانی خەڵک بخاتە مەترسییەوە تەنیا بۆ ئەوەی پارە وەربگرێت".
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵ تاوەکو 11ی تشرینی دووەم، 32 هەزار و 900 کۆچبەری نایاسایی بە رێگەی نۆکەندی ئینگلیز چوونەتە بەریتانیا، لە کاتێکدا تەواوی پار 29 هەزار و 437 هەزار کەس بوون، واتە ژمارەکە بەڕێژەی 11٪ زیادیکردووە.