سێیەمین فێستیڤاڵی پاییزەی باڵەکایەتی بە بەشداریی 37 گرووپ بەڕێوەچوو
رووداو - باڵەکایەتی
گەڵاڕێزانە و هۆگرانی سرووشت و پاییزدۆستان لە باڵەکایەتی کۆبوونەتەوە. 37 گرووپی گەشتیاری لە باشووری کوردستان و عێراق لە بناری شاخی سێ کێلی چۆمان 300 خێوەتیان هەڵداوە.
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت، "جۆرێکە لە جۆرەکانی بەبازاڕکردن و ناساندنی ناوچەکەمان و نیشاندانی سرووشت و ژینگەپارێزییشی لەگەڵە، وەکو دەبینن گەشتیاری زۆری کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش لە گەشتی پاییزەی باڵەکایەتی بەشدارن."
هێشتا پاییز هەموو رەنگەکانی نەبەخشیون، بەفر لە چیاکانی باڵەکایەتی کەوتووە. گەشتیاران تاوەکو دەتوانن ئەسپی حەزیان لە دامێنی سرووشت تاو دەدەن و چێژ لە دوایین رۆژەکانی پاییزی ناوچەکە وەردەگرن.
هەوارگە کەریم، گەشتیار ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو تێکەڵاوی، گفتوگۆ، شەودانیشتن و شەوچەرە خواردنە لە شەودایە، لەبەر ئاگردان و تێکەڵبوونی گەشتیاران و ناسینی یەکتری وا دەکات شەوەکەی خۆشتر ببێت لە رۆژ، گەشتی پاییزەی باڵەکایەتی ئەگەر شەو مانەوەی لەگەڵ نەبێت واتا هیچ گەشتێکمان نەکرد و وەکو نەورۆز سەفرەیەکمان کرد و تەواو."
ئاسمانی درەوشاوە و پڕ ئەستێرە، هێمنیی شەوانە، رۆژی رووناک و بێگەرد، رەنگی جیاواز و دڵڕفێن، کانیاوی سازگار و سرووشتێکی کەمتر تێکدراو لەلایەن مرۆڤ بەسە تاوەکو پاڵنەربن بۆ چەند کاژێرێک مانەوە لەنێو ئەو سرووشتەی باڵەکایەتی.
لەگەڵ هاتنی گەشتیار، بۆ فرۆشیاریش هەلێکی باشە بەرهەمە خۆماڵییەکانی بخاتەڕوو. یونس پیرۆمەری، فرۆشیاری بەرهەمە خۆماڵییەکان دەڵێت، "گریسە، دۆشاوی توو، سرکەی هەنار، رەواقەی هەنگوین و هەنگوینی شانەی خەڵێفە هەمووی لەو سرووشتە بەرهەم هاتوون، لێرە خەڵکی زۆر بە فرۆشتنیان بازاڕی باشی هەبووە."
سێیەمین فێستیڤاڵی پاییزەی باڵەکایەتی دوو رۆژ دەخایەنێت. شاخڕەوی، ئەسپسواری و نیشاندانی ناوچە گەشتیارییەکان بەشێکن لەو گەشتە کورتخایەنەی تاوەکو درەنگ لە بیری گەشتیاران دەمێنێتەوە.