کوردانی کەرکووک لە سەرژمێری نیگەرانن؛ 'پیلانگێڕییە'
رووداو دیجیتاڵ
کوردانی کەرکووک بڕوایان وایە ئەنجامدانی سەرژمێری لە شارەکە پیلانگێڕییەکی دیکەیە گەر کورد بە لاوازی تێیدا بەشداربێت.
تەواوی تەمەنی خۆیان لە کەرکووک بەڕێکردووە. هەموو قۆناخەکانی راگواستن و تەعریبی کەرکووکیان لەیادە.
سەید عەلی و مام قادر ترسی خۆیان ناشارنەوە کە ئێستاش درێژەپێدەری تەواوی ئەو قۆناخە زەحمەتانەیە کە کورد پێیدا تێپەڕیوە.
سەید عەلی سەید جەبار، هاونیشتمانیی دانیشتووی شۆرجەی کەرکووک دەڵێت: "کاتێک عەرەب هات و وردە وردە ژمارەیان زیادیکرد و عەرەب هاتە ئەم شارەوە. پارەیان پێدەدا و خانوویان بۆیان دەکرد. خۆیان بوونە خاوەنی کەرکووک. هەیە بە منی دەگوت ئیشەکەی خۆم باش بێت من هەقم چییە؟ کورە بابە چۆن هەقت چییە. ئەمە رۆژێک دێت دەتخاتە ژێر قوڕەوە."
لایەنە کوردییەکان بە نامەی فەرمی داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کارئاسانی تەواو بکات بۆ گەڕاندنەوەه کوردانی ناوچە دابڕاوەکان لە رۆژانی سەرژمێری دا.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دەڵێت: "داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە هاوکارییەکی ئەو خەڵکە بکات، بە تاکیش، نەک هەر بە خێزان. واتە چەند کەسن، جیاواز بێت. هاوکاری بکرێن بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانێت بگەڕێتەوە."
گەرچی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە سەرژمێری لە ناوچە دابڕاوەکان لەسەر بنەمای خەڵکی رەسەنی ئەم ناوچانە بێت نەک نیشتەجێبوون، بەڵام هەنگاوەکان بۆ دروستکردنی لیژنە لەو پرسە دا بۆخۆی بەلای بەرپرسانی کوردەوە جێگای مەترسییە.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140 دەڵێت: "ئێستا ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن ئەو 1957ـە بسڕنەوە و بیکەنە 2024. کە بوو بە 2024 هەر کەسێک لە هەرکوێیەک ناوی نووسرا، ئیتر خەڵکی ئەو شوێنەیە. بۆی نییە جارێکی دیکە کوردێکی کەرکووک لە سلێمانی یان لە هەولێر خۆی ناونووس بکات و بڵێت من خەڵکی کەرکووکم. هەرچی ئیمتیازی کەرکووکە لەدەستی دەچێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوی یەکەم و بەمەبەستی رەخساندنی هەلی گەڕانەوەی کوردانی ناوچە دابڕاوەکان کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن 8 رۆژ پشووی بۆ راگەیاندوون. لایەنەکانیش دەستیان بە هەڵمەتی هاندان و کۆمەککردنی خێزانەکان کردووە لەپێناو گەڕانەوەیان.