رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، تیمێکی تایبەت بە فۆرمێکی جیاواز لە فۆرمی سەرژمێریکردنی خێزانەکان دەنێردرێتە بەندیخانە، هۆتێل و نەخۆشخانەکان و هاووڵاتیان تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 15ـی تشرینی دووەم، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "جگە لە سەردانیکردنی ماڵەکان، لە رۆژانی سەرژمێرییدا تیمێکی تایبەتمان سەردانی ئەو باڵەخانە و شوێنانەش دەکات کە خەڵکیان تێدایە، وەک بەندیخانە، هۆتێل و نەخۆشخانە."
مەحموود عوسمان دەڵێت، "ئەو هاووڵاتییانە لە رێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە تۆماردەکرێن، بەو مەرجەی لە ماڵەوە تۆمارنەکرابن؛ ئەگەریش تۆمارکرابن، دواتر ناویان لەنێو ئەو فۆرمە تایبەتە دەردەهێنرێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری، "هەر شوێنێک خەڵکی تێدا نیشتەجێ بێت، سەردانی دەکرێت و تیمەکانمان تۆماریان دەکەن."
قۆناخی گەمارۆسازی و ژمارە لێدان بۆ سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و بڕیارە سەرژمێریی گشتی لە 20 و 21ـی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
هەردوو رۆژی سەرژمێرییەکە کراوە بە پشوو و قەدەخەی هاتووچۆش جێبەجێ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ