رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، "نەدەبووایە حکومەت رازی بێت هەڵەبجە بۆ سەرژمێری وەکو قەزا هەژمار بکرێت." گوتیشی، هۆکاری تەواونەکردنی رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بەغدا "سیاسییە."
ئەمڕۆ هەینی 15-11-2024 کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لەبارەی هەژمارکردنی هەڵەبجە وەکو قەزایەکی پارێزگای سلێمانی لە سەرژمێریی گشتیدا، بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەبووایە هەڵەبجە وەکو پارێزگا یان بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کرابا."
بە گوتەی کاوە عەلی، "وەزارەتی پلاندانانی عێراق و دەستەی ئامار هەر لە سەرەتاوە رێگر بوون لە پڕۆسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. وایان لە بابەتەکە کردبوو کە تاوەکو سەرژمێری نەکرێت، هیچ رێکارێک بۆ بەپارێزگاکردنی نەگیرێتەبەر."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کرد، بەپێی رێکارەکان، ئێستا هەڵەبجە چەندین فەرمانگەی فیدراڵی، پسوولەی خۆراک، تابلۆی ئۆتۆمبێل و چەندین شتی دیکەی تایبەت بە خۆی هەیە، "بەڵام بیانووی دەستەی ئامار بۆ بە قەزا هەژمارکردنی هەڵەبجە ئەوەیە، تاوەکو ئێستا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بەپارێزگاکردنی نەداوە."
کاوە عەلی ئەوەشی خستەڕوو، "نووسراومان بۆ وەزارەتی نێوخۆ، وەزارەتی پلاندانان و نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەڵەبجە کردووە، کە پارێزگای هەڵەبجە کۆدی تایبەت بە خۆی هەیە و هەوڵ بدرێت لە سەرژمێریشدا بە هەمان شێوە جیابکرێتەوە و سەربەخۆ هەژمار بکرێت."
بابەتی بە قەزا هەژمارکردنی پارێزگاکە، وەکو جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، لەنێو تێبینییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەبوون کە بۆ پڕۆسەی سەرژمێری بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دران و پەسندیش کران.
هۆکاری بە قەزا هەژمارکردنی هەڵەبجە، بە پلەی یەکەم لەلایەن کاوە عەلییەوە بۆ "کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندانانە" گەڕێندراوەتەوە، "چونکە چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە کە پێویستە هەڵەبجە وەکو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە پێیوایە، ئەگەر لەم سەرژمێرییەدا پارێزگای هەڵەبجە سەربەخۆ هەژمار نەکرێت، پڕۆسەکە وەکو پێویست سەرکەوتوو نابێت، "هەروەها بابەتەکە دەبێتە جۆرێک لە دانپێدانەنان بە هەرێمی کوردستاندا، چونکە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە فەرمانی هەرێمی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەیە، لە پەرلەمانی کوردستانیش یاسای بۆ دەرکراوە."
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی عێراق کرد.
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراقە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەسند نەکراوە. کاوە عەلی دەڵێت، "تەواونەکردنی رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە بەغدا، سیاسین."
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە 115,454 کەس بووە، ساڵی 2025 دەبێتە 125,974 کەس.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ