هێشتا ماویەتی؛ ئۆپۆزیسیۆن چی بە سلێمانی بەخشی؟
رووداو دیجیتاڵ
گرێیەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم تووندتر بوون، رەنگە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەشێکی ئەو گرێیانە بکەنەوە، ئەگەر بڕیاریان دا ببن بە بەشێک لە دەسەڵات. ئێستا 30٪ـی هێزی پەرلەمان لە خولی شەشەم ئۆپۆزیسیۆنە. نەوەی نوێ زۆرترین ئەندامی لەنێو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دا هەیە، ئەگەر ببێت بە ئۆپۆزیسیۆن، 15 ئەندامیان دەبێت.
لە بەرنامەی ئەمجارەی (هێشتا ماویەتی) کە لەلایەن رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیای رووداو، هیڤیدار ئەحمەد پێشکێش دەکرێت، تیشک خرایە سەر هێز و سەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان. لە بەرنامەکەدا باس لە سێ ئەگەر کرا کە لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئەگەری روودانیان هەیە. لەو سێ بژاردەیە دەردەکەوێت کام لایەن حوکم دەکات و کام لایەن دەبنە دەنگی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن.
ئەو هێزانەی رەنگە پێکەوە حکومەت پێکبهێنن کە کورسییەکانیان بەمجۆرەن: پارتی 39 کورسی؛ یەکێتی 23 کورسی؛ پێکهاتەکان پێنج کورسی؛ هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان یەک کورسی؛ کۆی گشتی: 68 کورسی.
گرەوکردن لەسەر کورسیی دوو هێزی دیکەش هەیە بۆ هاتنیان بۆ نێو حکومەت، ئەویش نەوەی نوێ و بەرەی گەلن.
ئەوانەی 100٪ دەبنە هێزی ئۆپۆزیسیۆن: یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان حەوت کورسی؛ رەوتی هەڵوێست چوار کورسی؛ نەوەی نوێ 15 کورسی.
چیرۆکی نەوەی نوێ جیاوازە، دەیەوێ لە قۆناخی یەکەم دا گفتوگۆ لەگەڵ پارتی بە پلە یەک و دواتر یەکێتی لەسەر چوونە نێو حکومەت بکات. دواتر وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن بمێنێتەوە.
لەنێو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان زۆرترین قسە لەسەر نەوەی نوێ دەکرێت. نەوەی نوێ بە داواکاریی زۆرەوە دەچێتە نێو گفتوگۆکان، بەشێوەیەک دەڵێت، یان 100٪ یان سفر.
کاتێک داوای هێزەکە جێبەجێ ناکرێن، وەکو پێدانی پۆستی سەرۆکوەزیران، تەواوی وەزیرەکان یان سەرۆکی پەرلەمان؛ دێت قسە بۆ لایەنگرانی دەکات و دەڵێت ئەوەی داوامان کرد بەدەست نەهات و ئێمەش بە کەمتر رازی نەبووین. بەمشێوەیە نەوەی نوێ سوودێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆن بوونی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەردەگرێت. کە بڕیارە لە مانگی 10ـی ساڵی داهاتوو بکرێت.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان
ئاڵنگاری گەورە لە بەردەم نەوەی نوێیە، نەوەی نوێ لەوە دەترسێت فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان دووبارە پەرتببێتەوە؛ کە ئەمە لەلایەن لایەنەکانی دیکە گرەوی زۆری لەسەر دەکرێت.
کۆمەڵی دادگەری کێشەکەی لە هەموویان گەورەترە. کۆمەڵ بڕیاری داوە نەچێتە پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان ببنە ئۆپۆزیسیۆن. قسە هەیە بڕیارەکە بگۆڕێت و بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر گەڕایەوە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن یان دەچێتە نێو حکومەت کە ئەمەش ئاڵنگارییەکی دیکەیە لەبەردەم کۆمەڵی دادگەری.
لەدوای ئەوان بزوتنەوەی گۆڕان دێت، کە 96٪ـی هێزی خۆی لەدەستداوە، لە 25 کورسییەوە دابەزیوە بۆ یەک کورسی و بوونەتە ئۆپۆزیسیۆن.
بەرەی گەل، کە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتیی دەکات، دوو کورسییان هەیە، هێشتا هیچ بڕیاری یەکلاییکەرەوەیان دیار نییە، ئۆپۆزیسیۆن دەبن یان دەچنە نێو حکومەتەوە.
ئێستا نەخشەکە باشتر روونبووەتەوە کە کێ دەچێتە دەسەڵات و کێ دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن.
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە 30 کورسییان هەیە، نزیکەی 57٪ـی ئەندامانی سەرکەوتوویان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانین.
نەوەی نوێ بە 15 کورسی زۆرترین دەنگی ناڕازیی بەدەستهێناوە و نیوەی کورسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆ خۆی بردووە.
دوو گریمانە بو پێکهێنانی حکومەت باس دەکەین کە نەوەی نوێ تێیدا بێت:
گریمانەی یەکەم:
هاوپەیمانیی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێیە بەبێ پارتی. واتە یەکێتی، نەوەی نوێ، دوو کورسیی پێکهاتەکانی سلێمانی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان؛ بە هەموویان دەکاتە 41 کورسی و هێشتا 10 کورسیان دەمێنێت بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان کە 51 کورسییە، بەدەست بهێنن.
گریمانەی دووەم:
هاوپەیمانی نەوەی نوی لەگەڵ پارتی بەبێ هەبوونی یەکێتی.
پارتی، نەوەی نوێ، سێ کورسی پێکهاتەکانی هەولێر و دهۆک، کورسیێکی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان؛ هەمووی دەکاتە 58 کورسی و زۆرینەی پەرلەمان بەدەت دەهێنن.
بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک لەژێر هەژموونی یەکێتی نین و نابین، نە سەرچاوەی داهاتی ئێمە لەدەست یەکێتییە، نە لە یەکێتی جیابووینەتەوە تاوەکو هەڕەشە لە ئێمە بکات و نە بێکەسین!"
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی نەوەی نوێ دەڵێت، 65٪ـی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی لە دەست ئۆپۆزیسیۆن دایە.
خەڵکی سلێمانی لەسەر هەبوونی ئۆپۆزیسیۆن بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەشێکیان بەرگریی لێدەکەن و بە دەنگی خەڵک ناوی دەبەن، بەشێکیشیان لێیان ناڕازین.
هیڤیدار ئەحمەد، پرسیاری لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کرد لەبارەی ئەوەی پێی باشە ئۆپۆزیسیۆن بچێتە نێو حکومەت یان وەکو ئۆپۆزیسیۆن بمینێتەوە باشترە؟ هەڤاڵ ئەبوبەکر لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ، خزمەت لەنێو حکومەت دەکرێت، هەموو کەس دەتوانێت بێتە سەر شەقام بەتایبەت لە سلێمانی، 50 کورسیش هەبێت لە دەرەوە بێ، ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز نابێ، چونکە هەموو جومگەکانی وڵات لەدەست لایەنی دەسەڵاتدایە".