ژووری بازرگانیی سلێمانی: پاسی دەستی دوو بۆ شۆفێری پاسە کۆنەکان دەکڕین

15-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژووری بازرگانی سلێمانی پڕۆژەیەکی هەبوو بۆ گۆڕینی پاسە کۆنەکانی سنوورەکە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە بە پاسی بەکارنەهاتوو، بەڵام ئێستا بیرۆکەکەیان گۆڕیوە. ئەندامێکی ژوورەکە دەڵێت، پاسی دەستی دووی ناوخۆ دەکڕنەوە و بە قیست دەیدەنەوە خاوەن پاسە کۆنەکان.
 
لە سلێمانی تاوەکو ئێستا لە ژمارەیەک لە هێڵەکانی نێوخۆ پاسی دروستکراوی ساڵانی 1980 – 1981 – 1982 بەکاردەهێندرێت. ژووری بازرگانی و پیشەسازیی شارەکە لەگەڵ شۆفێری ئەو پاسانە کۆبووەتەوە و رێککەوتوون کە پاسی نوێیان بۆ بکڕن.
 
ئارام بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 15-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شۆفێری پاسە کۆنەکان هێنانی پاسی بەکارنەهاتووی کۆمپانیاکانیان پێ باش نەبوو، ئێمەش پێمان باشبوو ئەو پاسانەیان بۆ بکڕینەوە کە کەم بەکارهاتوون و لەنێو شارەکەدا هەن و هێڵیان نییە، لەسەر ئەوەش رێککەوتووین".
 
ژووری بازرگانی سلێمانی دەیەوێت ئەو پاسانە بکڕێتەوە، کە ساڵی دروستکردنیان دوای ساڵی 2015 بێت و کەم بەکارهاتبن. وەکو ئارام بابان باسی دەکات، دەیانەوێت پاسەکان دروستکراوی کۆمپانیاکانی تۆیۆتا و نیسان بن.
 
ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بە ژووری بارزگانیی و پیشەسازی سلێمانییان داوە، 136 پاسی دروستکراوی ساڵانی 1980 و 1981 هەن. ئارام بابان دەڵێت، ئەگەر ژمارەی پاسی دروستکراوی 1982 زۆر نەبێت ئەوانیش دەگۆڕن، بەڵام لە ساڵی دواترەوە شێوازی پاسەکە گۆڕاوە و گەورە کراوە.
 
ژووری بازرگانیی و پێشەسازی سلێمانی بودجەی چوار ملیار دیناری داناوە بۆ گۆڕینی پاسەکان. ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژوورەکە دەڵێت: "شۆفێری پاسەکان بژێوییان لەسەرە و قیستی زۆریان پێ نادرێت، بەڵام پێکەوە رێککەوتووین مانگانە 150 بۆ 200 هەزار دیناریان لێ وەربگرینەوە".
 
پاسە کۆنەکان لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دەدرێنە کارگەکانی ئاسن و پارەکەی بۆ خاوەنەکانیان دەبێت، چونکە نایانەوێت جارێکی دیکە ئەو پاسانە ببرێنە قەزا یان ناحیەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بەگوێرەی پلانەکەی ژووری بازرگانیی و پیشەسازی سلێمانی.
 
لەبارەی دەستپێکردنی پڕۆژەکە ئارام بابان ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی داهاتوو دەست بە کڕینی پاسەکان دەکەن.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە