یەکەمین فێستیڤاڵی ناساندنی ئەسپی رەسەنی کوردی لە سلێمانی سازکرا
رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی ناساندنی ئەسپی رەسەنی کوردی لە سلێمانی سازکرا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ئەسپسوار بە ئەسپە رەسەنە کوردییەکانەوە نمایشی سەرنجڕاکێشیان پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
ژمارەیەکی زۆر ئەسپسواری ژن و پیاو، هەروەها منداڵیش لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوون کە رۆژی چوارشەممە (14-11-2023) لە 239ـیەمین ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. ئەسپسوارەکان بە جلوبەرگی کوردییەوە نمایشیان بە ئەسپە رەسەنە کوردییەکان کرد.
یەکێک لە بەشداربووان ئەسپسوارێکی تەمەن شەش ساڵان بوو بە ناوی زینە، کە ماوەی دوو ساڵە ئەسپسواری دەکات و نمایشێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ ئەسپەکەی بەناوی بۆکان، پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
لە میانی فێستیڤاڵەکەدا، لە رێوڕەسمێکدا تابلۆی ''بەفەرمیناساندنی ئەسپی رەسەنی کوردی'' لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی واژۆکرا.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، بڕوانامەی بەشداریکردن بەخشرایە هەریەکە لە ئەسپسواران و خاوەن ئەسپەکان.
بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، ئەسپی کوردی لە رەسەنترین، خۆڕاگرترین و بەتواناترین جۆرەکانی ئەسپە و سێ جۆری سەرەکیی بە ناوەکانی جاف، ئەفشاری و سەنجاوی هەیە. ئەسپی کوردی لە کوردستان و چەندین ناوچەی دیکەی جیهانیش بەخێودەکرێن.
ئەسپی رەسەنی کوردی ئەسپێکە کە بە سەر، مل، چاو، کلک و پێیەکانی لە رەگەزەکانی دیکە جیادەکرێتەوە و بە بەهێزییەکەی بەنێوبانگە، لە رابردوودا بۆ کاری سەخت و لە شەڕەکاندا بەکارهاتووە.