50 رۆژە دەوامی خوێندن لە سەقز دەستیپێکردووە و هێشتا کێشەی کەمیی مامۆستا چارەسەر نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە 50 رۆژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان، هێشتا هەندێک لە گوندەکانی سەر بە سەقز و هەندێک لە پۆلەکانی خوێندنی نێو شاری سەقز لە پارێزگای سنە مامۆستایان نییە. بەرپرسی پەروەردەی سەقز ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
 
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی واکاوی، کە گرنگیی بە هەواڵەکانی سنووری سەقز دەدات، لانیکەم لە گوندەکانی خورمتا و مام سێفەدین و لەنێو شاریش وانەکانی وەک زانستی کۆمەڵایەتی، مەعارف، زمانی ئینگلیزی و ئەدەبیات مامۆستایان نییە.
 
فەرەیدوون گوڵباغی، بەرپرسی پەروەردەی شاری سەقز، کەمیی مامۆستای لە قوتابخانەکانی ئەو شارەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام گوتوویەتی: لەم رۆژانەدا کێشەی نەبوونی مامۆستا لە رێگەی مامۆستای گرێبەستەوە چارەسەر دەکرێت.
 
بەرپرسی پەروەردەی سەقز دەڵێت: "لەم ساڵانەدا ژمارەیەکی زۆری مامۆستا خانەنشین بوون و بەم پێیەش داوامان کردووە مامۆستای نوێ دابمەزرێنرێت، بەڵام 96 کەس دامەزرێنرا و ئەمەش یەک لەسەر پێنجی هەموو مامۆستایانەیە لە پارێزگای سنەدا دامەزێنراون."
 
رەزا موراد سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ئێران، هەفتەی رابردوو کێشەی کەمیی مامۆستای خستەی ئەستۆی کابینەکانی حکومەتی پێشوو و گوتی: لەجێی چارەسەرکردنی کێشەکە، "کێشەکانمان بۆ حکومەتی دواتر جێهێشتووە."
 
رەزا مورادی سەحرایی گوتی: وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵدایە لە گەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە، کێشەی کەمیی مامۆستا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
 
ئەحمەدحوسێن فەلاحی، پەرلەمانتار، رۆژی 15.10.2023 گوتی: "نزیکەی 260 هەزار مامۆستا کەمە، تەنیا مامۆستاش نییە، وەزارەتی پەروەردە 50 هەزار هێزی پشتیوانی کەمە. بەداخەوە پۆلی خوێندن هەیە مامۆستای نییە و بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانە دەچن وانە دەڵێنەوە. ئەمساڵیش کێشەی نەبوونی مامۆستا چارەسەر نابێت."
 
رەزاموراد سەحرایی، وەزیری پەروەردەی ئێران لە دەسپێکی کرانەوەی قوتابخانەکاندا گوتی: هۆکاری ئەوەی هەندێ لە پۆلەکانی خوێندن مامۆستایان نییە، ئەوەیە ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی دامەزراندنی مامۆستا وەدرەنگی کەوتووە، بەڵام لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا ئەنجامەکان رادەگەیەنرێت و ئەو پۆلانەی کە مامۆستایان پێویستە، بۆیان دابین دەکرێت.