دوو رووداوی هاتووچۆ لە کەرکووک؛ 10 ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدا کێشا و 'چوار کەس گیانیان لەدەستدا'

رووداو دیجیتاڵ

لەئەنجامی بارانبارین لە شەوی رابردووەوە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، شەقام و رێگەکان بەتەواوی تەڕ بوون، بەو هۆیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لە دوو رووداوی جیاوازدا 10 ئۆتۆمبێل خۆیان بەیەکدیدا کێشا و ''چوار کەس گیانیان لەدەستدا.''
 
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە رووداوی گوت ''هەردوو رووداوەکە بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساکانی هاتووچۆ روویانداوە، لەئەنجامی تیژڕۆیی و رەچاونەکردنی تەڕبوونی رێگەکان بوون.''
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رووداوەکانەوە گوتی، رووداوی یەکەم لە رێگەی سلێمانی کەرکووک روویداوە، حەوت ئۆتۆمبێل پێکیاندا داوە و لە ئەنجامدا هەشت کەس بریندار بوون، کە برینی بەشێکیان سەختە.
 
لەبارەی رووداوی دووەمیشەوە کە وەک کامێرای رووداو نیشانیدا، زۆر سەخت بووە، پەیامنێرەکەی رووداو گوتی "ئۆتۆمبێلێک لە سایدێکەوە بە خێرایی هاتووەتە سایدی بەرامبەری و خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکدا کێشاوە، دواتر ئۆتۆمبێلێکی دیکە لە جۆری تاکسی، خۆی بە هەردووکیاندا کێشاوە.''
 
رووداوەکە لەسەر شەقامی فڕۆکەخانەی کەرکووک چوارڕیانی تکریرت روویداوە، بە گوتەی هاونیشتمانییەک کە قسەی بۆ رووداو کرد، چوار کەس لە ئەنجامی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.