لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار دابەزی

15-11-2023
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
نیشانەکردن بەهای دۆلار و دینار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی لە سلێمانی 100 دۆلار گەیشتەوە 159 هەزار دینار و لە هەولێریش 100 دۆلار بە 158 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەکرا

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا لە سلێمانی، 100 دۆلار بە 157 هەزار و 500 دینار بووە.
 
بە گوتەی رەوەز میرزا، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ، بەهای 100 دۆلار بۆ 155 هەزار و 500 دیناریش دابەزی، پێش داخستنی بازاڕیش 100 دۆلار گەیشتبووەوە 160 هەزار دینار، بەڵام لەکاتی داخستندا هەر 100 دۆلارێک بە 159 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
رەوەز میرزا دەڵێت، لە رۆژانی رابردوودا خەڵکێکی زۆر دۆلاریان فرۆشتووە و ئێستا دەیکڕنەوە، چونکە ترسیان هەیە بەهای دینار دابەزێت، ئەوەش خواستی لەسەر دۆلار زیادکردووە و بەهای دیناری دابەزاندووە.
 
هاوکات حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 157 هەزار و 100 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا."
 
بەر لە داخستنی بازاڕ و کاتی ئێوارە 100 دۆلار گەیشتە 159 و هەزار و 700 دیناریش، بەڵام لەکاتی داخستندا 100 دۆلار بە 158 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
دابەزینی ئەمڕۆی بەهای دینار لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر 100 دۆلارێک لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی زیاتر لە 4 هەزار دینار دابەزی؛ بە جۆرێک لەکاتی داخستندا لە بازاڕی دراوی هەولێر 100 دۆلار بە 155 هەزار و 500 دینار، لە سلێمانیش بە 155 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
حاجی سابیر دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە گرژ نەبێت بەهۆی دوورخستنەوەی حەلبووسییەوە، رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا بەهای دینار بەرزبێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر بانکی ناوەندیی عێراق خستنەڕووی دۆلار بە شێوەی کاش زیادبکات.
 
بەپێی گوتەی ئەو دوو ئاڵوگۆڕکارە، دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیی و ترسی خراپتربوونی دۆخەکە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دینار هەبووە.
 
هەروەها دەشڵێن، کەمکردنەوەی فرۆشتنی دۆلار بە شێوەی کاش لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە بە هەمانشێوە کاریگەریی نەرێنیی هەبووە.
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق 225 ملیۆن و 962 هەزار و 12 دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ لەو بڕە 210 ملیۆن و 252 هەزار و 123 دۆلاری بە شێوەی حەواڵە و، 15 ملیۆن و 710 هەزار دۆلاریشی بەشێوەی کاش بووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلاری بە کاش فرۆشتبوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".