رووداو دیجیتاڵ
لە چەندین شار و شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپێشاندان دەستیپێکردووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران رووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبنەوە. رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "دوو گەنج بە گولـلەی هێزەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوون".
ئەمشەو سێشەممە، 15.11.2022، لە شارەکانی سەقز، سنە، بۆکان، مهاباد، ورمێ، دیواندەرە، مەریوان، کامیاران، قوروە، کرماشان، جوانڕۆ، رەوانسەر و ئیلام خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی دەستیپێکردووەتەوە.
ئەرسەلان یارئەحمەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە شاری کامێران گەنجێکی تەمەن 27 ساڵان بە ناوی فوئاد محەممەدی بە گولـلەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بریندارن کە برینی سێ کەس سەختە.
لە خۆپێشاندانی شاری سنەشدا گەنجێک بەناوی عیسا بیگلەری گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکیش برینداربوون، برینی یەکێکیان سەختە.
بەپێی میدیای ئێرانی، لە خۆپێشاندانی شاری بۆکان، لە تێکهەڵچوونی نێوان خەڵکی ئەو شارە و هێزەکانی حکومەتی ئێران، سەرهەنگی پاسدار رەزا ئەڵماسی کوژراوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، هەشت خۆپێشاندەریش برینداربوون.
لە زۆربەی ئەو شار و شارۆچکانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە خۆپێشاندانی تێدا بەڕێوەدەچێت، گرژی ئاڵۆزی دروستبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ