رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن کاژێر چواری بەرەبەیانە، گەورە و بچووک بە جلیکان و دەبەکانیانەوە وەستاون لە نۆرەی وەرگرتنی بەشە نەوتەکەیاندا. بەشێک لەوانەی لە نۆرەکەدان، شەویان هەر لە بەردەم وێستگەکەدا کردووەتەوە لەپێناو ئەوەی بەشە نەوتەکەیان دەستبکەوێت.
ئامانج ئەحمەد، کاسبکارە و دەڵێت: دوو شەوە لێرە وەستاوم، تاخمم هێناوە و ماڵم بەجێهێشتووە بۆ نەوت، ژێرمان پڕە لە نەوت، ئێ دەکرێت ئێمە بەوجۆرە نەوت وەربگرین؟ کاتێک دەگاتە کاژێر 04:00 دەڵێن نەوت نەماوە و دەبەکانمان فڕێ دەدەن.
تا زیاتر خۆر بەدەربکەوێ نۆرەی بەردەم وێستگەی دابەشکردنی نەوت لە گەڕەکی شۆرجە قەرەباڵختر دەبێت.
هەر لە ڤیدیۆکەدا ژنێکی بەتەمەن دەبینن کە نەخۆشە و بە حەب و دەرزییەکانیەوە زوو چووە تاوەکو نەوتەکەی وەربگرێت، رۆژانی پێشتریش چووەتە ئەوێ، بەڵام نۆرەی بەرنەکەوتووە.
بەدری عەزیز، دانیشتووی گەڕەکی شۆرجەیە، دەڵێت: "کەرکووک خۆی شاری نەوتە، کەچی بەوجۆرە نەوت دەدەن، من لە کاژێر 06:00ـەوە هاتووم، دوێنێ شەویش هەر هاتم و بەرم نەکەوت."
یەکێک لە کێشەکانی بەردەم وێستگەکانی دابەشکردنی نەوت قاچاخچییەکانن، خەڵک دەڵێن لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زیاتر نەوتەکەت بۆ وەردەگرن. شەونم محەممەد یەکێکە لەو هاونیشتمانییانەی لەدەست ئەو دۆخە نیگەرانە و دەڵێت، هەندێک هەیە بە قاچاخ دێت پڕی دەکات بە 35 هەزار دینار، من ئەوەندە پارەم نییە."
ژنێکی دیکە لە گەڕەکی عروبە قسەی بۆ کردم و خۆی بە دایکی ئیدریس ناساند، ئەو کە بەو دۆخەوە هاتووە نەوتەکەی وەربگرێت تاوەکو وەرزی سەرما بەبێ نەوت و گەرمکەرەوە بەرێ نەکات، پێی گوتم: بە 45 هەزار وەری دەگرن بۆ پێش دەرگە، تەنکەر بهێنن باشە، بۆ هەژار و دەوڵەمەندیش باشە.
لە کەرکووک بەشە نەوتی ماڵان لە رێگەی کۆبۆنەوە دابەش دەکرێت، بۆ نرخی هەر لیترێک 150 دینار دیاریکراوە، بۆ یەکەم بەشە نەوت بڕی 100 لیتر دابەش دەکرێت و بڕیارە دوو مانگ بەردەوام بێت. دوای ئەوەش کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت نەوتی دیکە دابەش دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ