کۆمیسیۆن بۆ رووداو: هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەى ماوەى وەرگرتنەوەى کارتى دەنگدان نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەى ماوەى وەرگرتنەوەى کارتى دەنگدان کە ئەمڕۆ کۆتایی دێت.
 
سێشەممە، 15-10-2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هێشتا هیچ بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران نییە بۆ درێژکردنەوەى ماوەى وەرگرتنەوە کارتى بایۆمەتریی دەنگدان و چاوەڕێى تەواوبوونی دەوامى فەرمى دەکەین." 
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن، کاژێر 03:00ـى پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دوا کاتە بۆ وەرگرتنەوە کارتى بایۆمەتریی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.   
 
دوو ملیۆن و 899 هەزار و 615 هاونیشتمانیی هەرێمى کوردستان کارتى بایۆمەتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام تائێستا 110 هەزار و 385 دەنگدەر کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، پێناچێت وادەى وەرگرتنەوەى کارتى بایۆمەتریی دەنگدان درێژبکرێتەوە؛ بەوپێیەى لە 16ـی تشرینى یەکەمەوە کۆمیسیۆن دەستدەکات بە دابەشکردنى کەرەستە و پێداویستییەکانى دەنگدان و، کارمەندانى کۆمیسیۆن لە ناوەندەکانى دەنگدان سەرقاڵ دەبن و دەرفەتى زۆریان لەبەردەست نابێت بۆ دابەشکردنى ئەو کارتانە. 
 
دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ـی ئەم مانگەیە و دوو رۆژ دواتریش دەنگدانى گشتىیە، کە یەکەم جارە ئەو دەنگدانە بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەبێت.
 
تاوەکو ئێستا لە هەولێر 25 هەزار و 846 کارتى دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە، لە دهۆک 12 هەزار و 139 کارت و لە سلێمانی و هەڵەبجەش 72 هەزار و 400 کارت وەرنەگیراونەتەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەریق مەعرووف، کارمەندی تەندروستییە و دانیشتووی خەلیفانە.

بەربژێرێکی سەربەخۆ: دەربچم یەکەم کارم پشکنینی ئەو قورئانە دەبێت کە لە پەرلەمان دانراوە

بەربژێرێکی سەربەخۆ بەڵێن بە دەنگدەران دەدات، یەکەم کاری لە پەرلەمان پشکنینی ئەو قورئانە دەبێت، کە وەزیر و پەرلەمانتاران سوێندی پێدەخۆن. ئەو دەڵێت "گومانم هەیە قورئانیان دانابێت، چونکە هیچیان سوێندەکەیان جێبەجێنەکردووە و تاوەکو ئێستا قورئانەکە کەسی نەگرتووە".